یاریدەدەرێكی مەسرور بارزانی هێرش دەكاتە سەر لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت


یاریدەدەرێكی مەسرور بارزانی رایدەگەیەنێت " لایەنەكانی بەشدار لە كابینەی نۆ ئەوەندەی لەسەر وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازاتیان لە سەرۆكی حكومەت پێداگربوون، ئەوەندە واجبی كارگێری و حكومەتداری خۆیان جێبەجێ نەكرد".

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندوە "لە چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا مەسرور بارزانی سەركەوت، سەركەوتن بەسەر ئاڵنگارییەكان، جێبەجێكردنی زۆرێك لە خاڵەكانی كارنامەی پێكھێنانی حكومەت كە بەداتاو بەڵگەوە بڵاوكرانەوە".

حەملان ئاماژەی بەوەكردووە "كۆرۆنا و كەرەنتین وایكرد كە زیاتر لە ساڵێك لە تەمەنی ئەم كابینەیە و دامو دەزگاكانی نەیانتوانی وەك پێویست ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و داھات زۆر كەمی كرد ، جگە لەو بودجە زۆرەی بۆ كۆرۆنا سەرفكرا لە پێناو پاراستنی ژیانی ھاونیشتمانیان".

هەروەها وتویەتی "جێگیرنەبوونی بەردەوامی نرخی نەوت و بەردەوامی قەیرانی دارایی و كێشەی نەگەڕانەوەی داھاتی ناوخۆی بەشێكی زۆری گومرگ و فرۆكەخانەو باج و رسوماتی ناوخۆ بە ھۆی دوو ئیدارەییەوە".


رێباز حەملان روونیكردۆتەوە "لایەنەكانی بەشدار لە كابینەی نۆ كە زۆر پێداگربوون لەسەر وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازاتیان لە سەرۆكی حكومەت، بەرامبەر بەوە چارەكێكی واجبی كارگێری و حكومەتداری خۆیان جێبەجێ نەكرد و نەچونە ژێر باری بەرپرسیارێتییەوە".



PM:03:44:10/07/2023