"شێخ نەهرۆی کەسنەزانی سلێمانی جێدەهێڵێت"

نوسینگەی شێخ نەهرۆی کەسنەزانی ڕایدەگەیەنێت" لە پێناو چاکەی گشتیدا بڕیاریداوە لە سلێمانی دوور بکەوێتەوە و تەنها لە بۆنەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شارە". 

مەکتەبی تایبەتی شێخ نەهرۆ لە شاری سلێمانی، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" لە ماوەی شەش مانگدا کە کێشەی زۆر گەورە هەبووە لە نێوان یەکێتی و پارتی و ئەو برایانەدا، شێخ نەهرۆ زۆر هەوڵیداوە کە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات و نێوەندگیریان بکات، بەڵام هەموو هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون، سەرباری ئەوەی کە هەوڵماندا بەینیان چاک بکەین، تاوانباریان کردین، ئەو تاوانبارکردنەش هەمووی دوور بوو لە ڕاستیەوە". 

دەشڵێت" سەرباری هەوڵەکانی شێخ نەهرۆ بەمەبەستی نێوەندگیری نێوان حزبە سیاسیەکان و باشترکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوانبارکراون و تۆمەتیان بۆ دروستکردوون، بۆیە شێخ نەهرۆ بڕیاری داوە سلێمانی بەجێبهێڵێت، داوامان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی مەرکەزی کرد کێییە ئەم تاوانانەمان بۆ دروستەکات، بەڵام کەس وەڵامی نەداینەوە". 

هەروەها نوسینگەی تایبەتی شێخ نەهرۆ لە سلێمانی ڕایگەیاند" سەیری بارودۆخەکەمان کرد کە چاکە و ئیسڵاح لەوەدایە کە دوور بکەوینەوە لە سلێمانی، لەبەر ئەوەی کەس باسمان نەکات، جەنابیشی وای بەباشزانی کە دوور بکەوێتەوە، لەبەر ئەوەی نەیتوانی کە خزمەتی خەڵکەکەمان بکات و دەرفەتیان نەدا کە ئاسودەی بۆ خەڵک بنیاد بنێت، بەڵام تەریقەت وەکو جاران بە ئاسایی ئیش و کاری خۆی بەڕێ بکات بێ کێشە، هیچ کەس وەکیل و بەرپرسی تەریقەت نیە بێجگە لە خۆی (شێخ نەهرۆ) نەبێت، خۆی شەخسی سەرپەرشتی تەریقەت لە سەرانسەری جیهان دەکات، هەموو دەروێش و کەس و خەلیفەکان وەک و کچ و کوڕ و براو خوشکی خۆی سەیردەکات". 


AM:12:02:13/07/2023