پارتی: یه‌كێتى بۆته‌ به‌دیلی حكومه‌ت‌ و ناهێڵێ دامه‌زراوه‌ شه‌رعییەکان ڕۆڵی خۆیان ببینن‌

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی وتەکانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دەداتەوە کە لە کۆڕێکدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزبی بە خراپ وەسف کرد.

وته‌بێژى فه‌رمى پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات" لە کۆڕێکیدا لە دەرەوەی وڵات، دوێنی سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتیمان و حزبه‌كه‌ی به‌ خراپ له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌ و، هۆكاری خراپیه‌كه‌یشی خستووەته‌ ئه‌ستۆی پارتیمان وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی پارتی گرفت‌ و جیاوازیه‌كانمان یه‌كلایه‌نه‌ دروستكردبێ، دیاره‌ له‌ بیریان چۆته‌وه‌ كه‌ له‌ زۆربه‌ی وێستگه‌كاندا سه‌ره‌ڕای هاوبه‌شیان له‌ حوكمرانی كه‌چی له ‌لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر كێشه‌ و گرفتیان دروستده‌كرد بۆ كار و چالاكییه‌كانی حكومه‌ت". 

دەشڵێت" لە قسەکانیدا باس له‌ كێشه‌كانی پارێزگای سلێمانی ده‌كات به‌بێ خستنەڕووی راستیه‌كان و، باس لەوە ناکات کە حزبه‌كه‌ی هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ و رێگربووه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و تا ده‌گاته‌ بابه‌تی ئه‌منیەت و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی داهاتی ناوخۆی پارێزگاكه و تەواوی ئەو سنوورە، ئەوەیش روونناکاتەوە کە حزبه‌كه‌ی بووه‌ته‌ به‌دیلی حكومه‌ت و ناهێڵێ دامه‌زراوه‌ شه‌رعییەکان رۆڵی خۆیان ببینن و، ناشڵێت ئه‌و هه‌موو ئیمكاناته‌ له‌ كوێ به‌ده‌ستده‌هێنن كه‌ له‌ جیاتی دامه‌زراوه‌كانی حکومەت پاره‌ سه‌رفبكه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌بیری چۆته‌وه‌ كه‌ چۆن دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی فیدڕاڵی و دادگای فیدڕاڵی هێناوه‌ته‌ ناو پرۆسه‌ی حوكمرانی هه‌رێم و چه‌نده‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی به‌و بابه‌ته‌ ئاڵۆزكردووه‌". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پارتی یه‌ك مه‌رجه‌عیه‌ت و یه‌ك هه‌ڵوێستی هه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ی بڕیاری لێده‌درێت جێبه‌جێده‌كرێت، ئه‌وه‌ ئاواتی ئه‌وانه‌ هاوشێوه‌ی خۆیان له‌ كوردستاندا په‌یدابكه‌ن، با دڵنیا بێت مه‌رجه‌عیه‌ت و یه‌ك هه‌ڵوێستی پارتی له‌ هیچ وێستگه‌یه‌ك نه‌گۆڕاوه‌ و له‌مه‌ودواش ناگۆڕدرێت، ئه‌گه‌ر پارتی په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌ی ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌ساسی قسه‌كردن و ته‌سریحاتی كادیر و سه‌ركردایه‌تییه‌كانیان ڕێكخستبووایە ده‌بوو هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام نه‌درابا،‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیڕاده‌ی ڕێككه‌وتن له‌ ده‌ست خۆیاندا نه‌بوو بیانوو زۆرن بۆ تێكدانی زه‌مینه‌ی ته‌فاهوم و لێكنزیكبوونه‌وه‌.

ئەوەش هاتووە" خه‌ڵكی كوردستان ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پارتیمان جدیە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و فەراهەمکردنی کەشێکی ئارام بۆ هاووڵاتیان و یەکڕیزی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستاندا، هەروەکو ئاشکرایشە باسكردنی كێشه‌ و جیاوازییه‌كان به‌و شێوازه‌ و بردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ئاماژه‌یه‌كی نوێ نییه‌ بۆ به‌خه‌مه‌وه‌نه‌بوونی یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردستانی". 

دوێنێ چوارشەممە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەکۆڕێکدا له‌ به‌ریتانیاپه‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حزبەکەی و پارتی‌ به‌ خراپ وەسف کرد و هۆكاری خراپیه‌كه‌یشی خسته‌ ئه‌ستۆی پارتی. 


PM:03:25:13/07/2023