گۆڕان لە بارەی هەڵبژاردنی كەركوكەوە هەڵوێستی خۆی راگەیاند


بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئەوان لەگەڵ یەك لیستی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان، بۆ ئەو مەبەستەش دەستپێشخەری نوێ دەبێت. 

یاسین حەمە عەلی، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان   لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای حیزبەكەی رایگەیاندووە "بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی رەنگە لەداهاتوو مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست بكات و دەبوایە لایەنەكان لەبەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی دوربكەوتننایەتەوە، بەڵام بەداخەوە هەنگاوەكانیان نیشتمانی نەبون بۆیە نەگەیشتنە سازان".

ناوبراو وتویەتی "رای گۆڕان ئەوەیە كورد لە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان بە یەك لیست و یەكدەنگ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكات، چونكە كاتی خۆیشی لەساڵی 2019یش هەر لەگردی زەرگەتە لایەنە سیاسییەكان بڕیاریاندا بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن لە كەركوك، بەڵام ئەوكات هەڵبژاردنەكە لە كەركوك نەكرا. ئێستاش پێویستە هەمومان بە كۆدەنگی و یەكلیستی بەشداری هەڵبژاردن بكەین و واز لە بەرژەوەندی حزبایەتی بهێنین".

یاسین حەمەعەلی دەڵێت "لەچەند رۆژی داهاتوو كۆبونەوەی نێوان لایەنەكان دەست پێدەكاتەوەو دەستپێشخەری نوێ دەبێت و ئێمە هەوڵ دەدەین بە یەك لیست بەشداری ئەو پڕۆسەیە بكەین".



PM:12:07:14/07/2023