عەلی حەمە ساڵح"حکومەت پلانێکی مەترسیدار لە کەرتی کارەبادا جێبەجێ دەکات"

عەلی حەمەساڵح ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایدەگەیەنێت،" ئەو پلانەی حكومەتی هەرێم دایناوە مەترسیدارە، ئەگەر ئەم پلانە بەردەوام بێت نەك كارەبا دەكرێت بە (٢٤) كاتژمێر، بەڵكو دەتوانرێت كارەبا هەناردەی دەرەوە بكرێت، چونكە خەڵك ناتوانێت بەكاری بهێنێت".

لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عەلی حەمەساڵح ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، پێشتر یەك (كیلۆوات) كارەبا بۆ (٤٥٠ یەكە) بە (١٨ دینار) بوو، دواتر لەسەرو ئەم بڕەوە دەبوو بە (٢٤ دینار)، ئێستا ئەمە نەماوە، راستەوخۆ لە ١٨ دینارەوە لە سلێمانی بۆ ١٥٦ دینار زیادكراوە‌و لە هەولێریش بۆ ١٧٥ دینار زیادكراوە.

وتیشی"ماڵێكی ئاسایی توانای ئەوەی نییە (٣٠٠ هەزار) دینار بدات بە كرێی كارەبا‌و بارگرانی زیاتر دەكات، ئەم سیستمەی كارەبا، كوردستانی كردووە بە دوو چین، ئەوەی لە كۆڵانەكاندایە ١٥ كاتژمێر كارەبای بە ١٨ دینار پێدەدرێت، ئەوەی لە سیتییەكان دەژی لەسەر حسابی كۆڵانەكان كارەبای بۆ زیادكراوە، بەڵام نرخی كارەباكەی لەسەر زیادكراوە".

باسی لەوەشکرد، حكومەت ئەم بابەتەی بەبێ دراسە كردووە‌و نازانێ داهاتی خەڵك چەندە، حكومەت پێیوایە ئەوەی لە سیتییەكان دەژی دەوڵەمەندە بۆیە كارەبای لەسەر گران كردووە، مەرج نییە ئەمە وابێت، هاوڵاتی هەیە دوو دەفتەری داوە بە پێشەكی شوقەیەك‌و مانگانە موچەكەی دەدات بە قیست، ئێستا دەیانەوێت ٣٠٠ هەزار كرێی كارەباشی لێبسەنن.

هەر لە لێدوانەکەدا ئەوەشی ڕوونکردەوە، قۆناغی سەرەتا حكومەت لە سیتییەكانەوە دەستپێدەكات، ئەگەر خەڵك رازی بوو ئەیبەنە گەڕەك‌و كۆڵانەكانیش، حكومەت خۆی ئێستا كارەبا لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا (ماس- قەیوان- كار)، هەر وەحدەیەك بە (٣ سەنت) دەكڕێت، واتا بە (٤٨) دینار، ماقوڵە خۆت كارەبا بە (٤٨ دینار) بكڕیت‌و بە (١٧٦ دینار) بیدەیت بە هاوڵاتی، ئەمە قازانجكردنە بەسەر هاوڵاتیانەوە لە فرۆشتنی خزمەتگوزاریدا.



PM:09:16:14/07/2023