پاڵپشتی دارایی خوێندکاران دابەشدەکرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، "لە سبەینێوە دەست بە دابەشكردنی پاڵپشتی دارایی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكرێت".

ئەمرۆ شەممە ڕێكەوتی ١٥-تەموزی-٢٠٢٣وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر پرسە داراییەكان و خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكان كرا و هەردولا جەختیان كردوە لە كاری پێكەوەیی و هاوبەش لەپێناو تێپەراندنی كوسپ و گرفتەكان" ، کۆبونەوەکە لەنێوان هەریەک لە د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری سلێمانی و  د. ماكوان جەمیل مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی بانكی هەرێم-سلێمانی بوو.

 بەڕێوەبەری گشتی بانكی هەرێم لە سلێمانی باسی لەوەکرد، كە خزمەتكردنی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی لە پێشینەی كارەكانیان دەبێت و هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی خوێندنی باڵا و سەرجەم سێكتەرەكانی تر لەچوارچێوەی توانا و دەسەڵاتی ئەواندا هیچ كێشە و گرفتیان بۆ دروست نەبێت و هاوكاری سەركەوتن و سەرخستنی پڕۆژەكانی زانكۆكان بن.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، "بڕیاردرا لە سبەینێوە دەست دەكرێت بە دابەشكردنی پاڵپشتی دارایی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان”.

ماوەی چەند مانگێکە خوێندکاران دەرماڵەیان وەرنەگرتووە کە دەرماڵەی هەر خوێدکارێک لە نێوان ٤٠ بۆ ٦٠ هەزار دینار دەبێت.

 




PM:08:35:15/07/2023