سەبارەت بە بوودجە و مووچەی هەرێم زانیاری نوێ دەخرێتەڕوو

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" یاسای بودجەی فیدراڵی هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە"، دەشڵێت" بەرپرسە باڵاکان لە پشت بە قاچاخکردنی دراوی بیانین بۆ دەرەوەی وڵاتان". 

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" تا ئێستا بودجەی فیدراڵی نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهۆی دەرنەکردنی ڕێنمایی بۆ خەرجکردنی". 

سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان تا ٢٥ی ئازاری ئەمساڵ نەوتی هەناردە دەکرد، هەروەها دوو ترلیۆن دیناری لە بەغداوە وەرگرتووە و دەبێت بۆ ماوەی شەش مانگ حسابەکان یەکلایی بکاتەوە.

وتیشی" دەبێت هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، چونکە بودجەی فیدراڵی تا مانگی تەموزی ئەمساڵ دەگاتە هەرێم".

سەبارەت بە دیالۆگەکانی شاندی هەرێم لەگەڵ بەغداد دووپاتی کردەوە کە" شاندەکە کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا ئەنجامداوە بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کێشە داراییەکانی شەش مانگی ڕابردوو". 

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاماژەی بەوەدا کە" بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پەیوەستە بەو بانکانەی کە بەشداری لە زیادکردنی دراودا دەکەن". 

جەختیشی لەوە کردەوە، بەشێکی زۆر لە دراوە بیانییەکان ناچێتە دەستی بازرگانانی ناوخۆ، هەروەها زۆرێک لە بەرپرسانی باڵا لە پشت هەندێک بانکەوەن کە هەندێکیان لقیان لە کوردستان هەیە و دۆلار بە قاچاخ دەبەنە دەرەوەی وڵات. 

ڕاشیگەیاند" ئەگەر بانکی ناوەندی عێراق نەتوانێت کارەکانی قاچاخچێتی ڕابگرێت، ئەوا دیناری عێراقیش وەک دراوەکانی دیکە لە مەترسیدایە، بۆیە ئەمەش پێویستی بە هەنگاوی کردەی و بوێرانە هەیە و ڕەنگە ببێتە هۆی داڕمانی ئابوری عێراق، هەرچەندە عێراق ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی دراوی بیانی، بەڵام بەرپرسانی باڵا لە پشت پرۆسەی قاچاخچێتی دراوی بیانین". 

ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر (١٤) بانکی عێراقدا سەپاند، ئەمەش وەک سەرکوتکردنی مامەڵەکانی ئێران بە دۆلار.


PM:03:47:23/07/2023