بانکی ناوەندی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار رادەگەیەنێت

پارێزگاری بانکی ناوەندی ھۆکاری بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بۆ زیادبوونی خواست دەگەڕێتەوە بەراورد بە خستنەڕوو.

لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاندووە" بانکی ناوەندی ھەوڵدەدات ھاوسەنگییەک لەنێوان خواست و خستنەڕووی دۆلار دابین بکات، ھەروەھا چاودێری دراوی بیان لەنێوان ناوخۆ و دەرەوەش دەکات لەرێگەی دەروازە سنورییەکان و کەناڵە فەرمییەکانەوە."

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بنەمایەکی گرنگ ھەیە بۆ جێگیرکردنی بەھای دراو ئەویش بریتییە لە مامەڵەکردنی دراوی بەشێوەی کاش و بانکی بەھەمان نرخ، بەڵام گرفتی ئەوان ئەوەیە کە لەئێستادا خواست لەسەر دراوی بیانی لە خستنەڕوو زیاترە، لەگەڵ ئەوەشدا دۆلار بە نرخی فەرمی و بەگوێرەی رێنماییەکان دەفرۆشرێت.

ئەمڕۆ بانکی ناوەندی رێنماییەکی دیکەی بەمەبەستی پشتیوانی بەھای دینار دەرکرد، بەگوێرەی رێنماییەکەش کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەتوانن داواکاری پێشکەش بە بەشی ژمێریاری بانکی ناوەندی بکەن بۆ کردنەوەی ھەژمار بە دینار و دۆلار، لەو رێگەیەشەوە گەشتیار دینار دەداتە بانک و بانکیش دۆلاری بەنرخی فەرمی پێدەدات.

ئەمڕۆ نرخی دۆلار بۆ هەر ١٠٠ دۆلار بە ١٥٤ هەزار دینار بوو.



PM:08:53:24/07/2023