هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشکرادەکرێت

وتەبێژی فەرمی بازاڕی دراوی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لێدوانی بەشێک لە بەرپرسان بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی". 

گۆران جەبار وتەبێژی فەرمی بازاڕی دراوی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" سەپاندنی سزاکان لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە بەسەر ١٤ بانکی عێراقی لە پشت گرانبوونی نرخی دۆلارەوە بووە، بەڵام قەدەغەکردنی ئەو بانکانە کاریگەرییەکی بەرچاوی نییە". 

وتیشی" هۆکاری ڕاستەقینە لێدوانی هەندێک بەرپرسە کە ڕایانگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو سزا بەسەر بانکی ناوەندی عێراقدا بسەپێندرێت، ئەمەش نیگەرانی هاوڵاتیانی بەرزکردەوە، ئەمەش وایکرد پاشەکەوتی دارایی خۆیان بگوازنەوە و بەم شێوەیە بووە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر دراوی بیانی لەم ماوەیەدا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە بانکەکان بە قاچاخ دراو دەگوازنەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە سزای ئەمریکایان لەسەرە، بەرپرسانی باڵاش لە پشت ئەو بانکانەوە وەستاون. 

سەبارەت بە ڕێوشوێنە گونجاوەکان بۆ چارەسەرکردنی، گۆران جەبار پێیوایە کە بانکی ناوەندی پێویستە" رێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو بانکانە بگرێتەبەر، وەک چۆن چوار مانگ لەمەوبەر کاتێک نرخی دۆلار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک گەیشتە ١٦٧ هەزار دینار، تاوەکو دوای ئەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینی". 

ڕاشیگەیاند" پێویستە بانکی ناوەندی عێراق قەرز بە پڕۆژە بچووکەکان بدات، هەروەها پرۆسەی پێدانی دراوی بیانی بە بازرگانان و ئەوانەی دەیانەوێت لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی مامەڵەی دارایی (پارەگۆڕەکان)ەوە گەشت بکەن، پێویستە ئاسانکاری زیاتر بکرێت". 


PM:10:03:26/07/2023