كەسێكی "مەترسیدار" لە سلێمانی دەستگیركرا


دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق، دەستگیركردنی ئەنجامدەرێكی كۆمەڵكوژی (سپایكەر)یان لە شاری سلێمانی راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ورد، بە هاوئاهەنگی دەزگای دژە تیرۆر لە پارێزگای سلێمانی لە ئەركێكی جۆری، عەبدولخالق خەزعەل سوڵتان دەستگیركراوە كە لە 2013دا پەیوەندی بە رێكخراوی داعشەوە كردووە".
 
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "ئەو كەسە چەندین جار هێزە ئەمنییەكانی لە پارێزگای سەلاحەدین كردۆتە ئامانج، هەروەها بەشداری لە كۆمەڵكوژی سپایكەر كردووە، بەرپرسی سەربازی بە ناو ویلایەتی داعش بووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ بەناو ویلایەتی نەینەوا و بەشداری شەڕەكانی دژی هێزە ئەمنییەكان كردووە".
 
زیاتر لە 1700 سەربازی فیرقەی 18ی سوپای عێراق لەلایەن رێكخراوی داعشەوە لە 12ی حوزەیرانی 2014  بەدیلگیران، كاتێك لە سەربازگەی سپایكەر بوون لە شاری تكریتی پارێزگای سەلاحەدین و دواتر زۆربەیان گولـلەباران كران.  



PM:10:19:27/07/2023