بانکی رەشید و ڕافیدەین مەرجیان هەیە بۆ کردنەوەی لقەکانیان لە هەرێم

 ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرای دەکات، کە بۆچی  لقی بانکەکانی رافیدەین و رەشید لە هەرێم ناکرێنەوەو هاوڵاتیان بێبەشن لە ١٧ جۆر سلفە و قەرز.

رێبوار ئەورەحمان ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند "ئەمەی لەخوارەوە دامناوە، ژمارەی هەموو ئەو موڵکانەیە کە موڵکی بانکەکانی رافیدەین و رەشیدن لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی زۆربەیان داگیرکردوەو ئامادە نین بیگەڕێننەوە بۆ ئەو دوو بانکە".

دەشڵێت "وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ پرسیارمان کردووە، کە ئایا گەر حکومەتی هەرێم لە هەر شارێکدا یەک پارچە زەوی یان بینایەک بگێڕێتەوە بۆتان، ئامادەن لقی ئەو دوو بانکە لە هەرێم بکەنەوەو سلفە و قەرز بدەنە هاوڵاتیان، بانکەکە لە وەڵامدا دەڵێت: بەڵێ".

باسی لەوەشکرد، "کێشەکە لێرەدایە، پارتی و یەکێتی و بەرپرسەکانیان، زۆربەی ئەو موڵکانەیان داگیرکردوەو ئامادە نین بیگێڕنەوە بۆ ئەو بانکانە، ئەوانیش دەڵێن؛ مانای نییە خۆمان موڵکمان هەبێ داگیرکرابێ و بێینەوە شارەکانی هەرێم بینا بە کرێ بگرین، لەیەک کاتدا کرێی بیناکان و سلفەو قەرزیش بدەینە هاوڵاتیان".



PM:10:22:29/07/2023