حكومەتی عێراق هەنگاوێكی دیكە بۆ هەرزانكردنی نرخی دۆلار دەنێت


بەرپرسێكی عێراق رایدەگەیەنێت، ٦٠٪ی كاڵا و پێویستییەكانی بازاڕ لەلایەن بازرگانە بچوكەكانەوە دابین دەكرێت، بۆیە كار دەكرێت بۆ ئەوەی بە نرخی فەرمی دۆلار بۆ ئەو ئەو بازرگانانە دابین بكرێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە "بازرگانە بچووكەكان ژمارەیان زیاترە لە چالاكییەكانی بازاڕی بازرگانی و هاوردەكردن و ٦٠٪ی پێدویستییەكانی بازاڕ لەلایەن ئەوانەوە دابین دەكرێت".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "لە پێناو كردنەوەی ئەڵقەی بازرگانی داهێنەرانە بۆ پارەداركردنی بازرگانی دەرەكی، بانكی بازرگانی عێراق بە فراوانی كار لەسەر لەدابینكردنی قەرز بۆ بازرگانە بچوكەكان دەكات و دۆلاریان بە نرخی فەرمی پێ دەفرۆشێت ئەویش لە چوارچێوەیەكە كە دووربێت لە قۆرخكاری".

لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی زۆری بەخۆوە بینی و گەیشتە نزیكەی ١٥٧ هەزار دینار، بەڵام ئەمڕۆ نرخەكەی بۆ نزیكەی ١٥٠ هەزار دینار دابەزی.



PM:04:35:30/07/2023