هونەرمەندێکی زیندانی لە ئێران ئازارو ئەشکەنجەی نێو زیندان ئاشکرا دەکات


هونەرمەندی راپی کورد سامان یاسین پەردە لەسەر ئەو ئازار و ئەکشەنجەدان و لێدانی دەرزی نامۆ هەڵدەماڵێت کە وەک زیندانییەک لە زیندانەکانی ئێران رووبەڕووی بۆتەوە.

سامان یاسین لە نامەیەکدا کە دزەی کردۆتە دەرەوەو وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، باسی رۆژانی زیندانی دەکات و دەڵێت " بە تەزووی کارەبا لە پشتێ ڕا لە سەریان دام. چەند کەسێک بە تەختەکەوە بەستیانمەوە. ئێستاکێ ڕۆژی هەینییە، هێشتا تەواوی جەستەم کوتراوە، بەر چاوم لیڵە و چاوم بەباشی نابینێ. لە گەرمەی هات و هاواری من و لێدانی و دژمانی ئەواندا دەرزییەکەیان لێ وەشاندم. ژمارەی ئەوانی ڕژانە سەرم گەلێک زۆر بوون! نازانم دوای چەند ڕۆژ، ڕەنگە پاش بیست و چوار کاتژمێر، یان لەوەیە دوای دوو ڕۆژ هۆشم هاتەوە".

سامان یاسین کە تەمەنی ٢٧ ساڵەو گۆرانیبێژی راپە و لە ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا دەستگیرکراوە، لە نامەکەیدا باس لەوە دەکات"   لەماوەی ئەم دە مانگەدا بۆ دانپێدانان و فشارخستنە سەر، چەندین جار ناچاریان کردم دەرمان بخۆم و دەرزیان لێم دا. جاری پێشوویش، کە لە هەواڵەکاندا بڵاویان کردەوە، گوایە سامان یاسین کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە، دروست نەبوو. من ئەو کارەم نەکردبوو!  ئەو جارە لە گرتووخانە چوار حەبیان دەرخوارد دام. دەمێکی چاوم هەڵێنا، لە نەخۆشخانە بووم. بەڕاستی نەمدەزانی چی ڕوویداوە و چەندی پێ چووە تاوەکو هۆشم هاتۆتەوە!".

دەقی نامەکەی سامان یاسین لە فارسیەوە رووناک شوانی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.. 

ئەمن سامان یاسینم، ڕاپبێژی بیست وحەوتساڵە لە گرتووخانەی ڕەجایی شارەوە. 
 
‏وا پێدەچێ بەنیازن بۆ قزل حەسارم بگوێزنەوە! 

فشاری زۆری دەمارەکانی سەرم بەرگەگرتنی زیندانیان لێ مەحاڵ کردووم. چەندین جار بۆ نەخۆشخانە ڕۆیشتم و داوام لێ کردن کارێکم بۆ بکەن، دەنا مێشکم چیدی نایکێشێ! گوتم، بڕیار وابوو بۆ پشکنین و بەدواداچوونی دۆخی بەرگرینەکردنم  شتێکم بۆ بکەن. چون خۆیان دەزانن، لەم دە مانگەدا بە داوودەرمانی بێناو ونیشان و دەرزیلێدان و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی چ بەڵایەکیان بەسەرم هێناوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە گوتیان، خۆت ئامادە بکە بۆ نەخۆشخانەی ڕازیی( ئەمین ئاباد)دەڕۆین، بۆئەوەی پشکنینت بۆ بکەین. خۆ من نەمدەزانی چ جۆرە ئەشکەنجەیەکە بەو دۆخەی گەیاندووم! جلم لەبەر کرد و ڕۆیشتم. کاتێک چەند کچ و کۆڕێک منیان لەبەر دەرگای ئەو بنکەیەدا بینی، دەستیان بە هات و هاوار کرد. ئەرێ ئەوە سامان یاسینە، بۆ کوێی دەبەن؟ پیاوانی ڕێژیم بڵاوەیان پێ کردن و پێیان گوتن،شتی لاوەکی مەنێنەوە، لە دەرگایەکی پشت باڵەخانەکەوە بردیانمە ژوورێ. نەمدەزانی چ پلانێکیان بۆ داناوم! لەو باوەڕەدا بووم ئەم گواستنەوەیەم بۆ مۆڵەتی پزیشک و پشکنینە. نەدەبوو بڕوام پێ بکردنایە. 

پاش سەعاتێک بردیانم بۆ بەشێک بەناوی" سینا یەک"لام وابێ ئەمە ناوی بوو. گوتیان، دەبێت دەرزیت لێ بدەین. گوتم، نە! و دەستم بە بەرەنگاربوونەوە و هاوارکردن کرد. دەستەویەخەبووین، پێموابێ هەشت کەس دەبوون، بە لێدان و جوێنی قێزەوەن لە وێزەم بەربوون. گوتیان، هەڵەت کرد نەهێڵی دەرزیت لێ بدەین! بۆچی ئەوە بەدەستی تۆیە؟! لە پەنجەرەیەکم دا، لامەزەبە بەڕادەیەک توند و تۆڵ بوو، نەشکا. پابەندەکەم بەدەست سەربازێکەوە بوو، ڕفاندم و خۆم بە پەنجەرەکەدا کێشا، وردوخاش بوو. دەمویست ڕێگە نەدەم بەدەرزی ئەو دەرمانە نەفرەتییە بئاخننە جەستەمەوە و بمکوژن. 

بە تەزووی کارەبا لە پشتێ ڕا لە سەریان دام. چەند کەسێک بە تەختەکەوە بەستیانمەوە. ئێستاکێ ڕۆژی هەینییە، هێشتا تەواوی جەستەم کوتراوە، بەر چاوم لیڵە و چاوم بەباشی نابینێ. لە گەرمەی هات و هاواری من و لێدانی و دژمانی ئەواندا دەرزییەکەیان لێ وەشاندم. ژمارەی ئەوانی ڕژانە سەرم گەلێک زۆر بوون! نازانم دوای چەند ڕۆژ، ڕەنگە پاش بیست و چوار کاتژمێر، یان لەوەیە دوای دوو ڕۆژ هۆشم هاتەوە.  

دیتم لە شوێنێکدا کۆت و بەند کراوم. سەرم گێژی دەخوارد، هەموو شوێنێک تاریک و ڕەش دەچۆوە، هێشتا هەر بەرچاوم تارە و هاوسەنگییم لە دەست داوە. ئاخر زۆر بەتوندی لەسەریان دام. دەنا من تەندروستییم زۆر باش بوو و هەرگیز بیرم لە خۆکوشتن و ئەو شتانە نەدەکردەوە. بۆچی دەبوایە گورز لە خۆم بوەشێنم؟! لەماوەی ئەم دە مانگەدا بۆ دانپێدانان و فشارخستنە سەر، چەندین جار ناچاریان کردم دەرمان بخۆم و دەرزیان لێم دا. جاری پێشوویش، کە لە هەواڵەکاندا بڵاویان کردەوە، گوایە سامان یاسین کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە، دروست نەبوو. من ئەو کارەم نەکردبوو! 

ئەو جارە لە گرتووخانە چوار حەبیان دەرخوارد دام. دەمێکی چاوم هەڵێنا، لە نەخۆشخانە بووم. بەڕاستی نەمدەزانی چی ڕوویداوە و چەندی پێ چووە تاوەکو هۆشم هاتۆتەوە! 

ئێستاش بەبەردەوامی حەبی بێ ناو و سەیر دەهێنن، وەلێ من بەهەرشێوەیەک بووە قووتی نادەم. تەواوی جەستەم زامە. گەرەکیان بوو ڕووتمان بکەنەوە و کۆمەڵێک لە حەمامێکدا قایم بکەن، نەڕۆیشتم، هێندەم هات و هاوار کرد، شەوی سێ شەممە بەناچاری گەڕێندرامەوە بۆ گرتووخانەی ڕەجایی شار. لە ئەشکەنجەخانەی ڕازییدا تشتگەلێکی وەکو ئامێریان بەسەرمەوە بەستبوو، نازانم چی بوون! 
‏پێشتریش لە ژێر ئەشکەنجەدا و بۆ دانپێدانان، قەڵەمیان لە کونالووتی چەپم ئاخنی و دڕاندیان، هێشتا هەر خوێنی لێ دەچۆڕێ. من پێویستیم بە چارەسەری خێرا، لەلای پزیشکی پسپۆر لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان هەیە. هاوسەنگیم ناگەڕێتەوە، سەرم گێژ دەخوات و بەرچاوم تاریکە. شەوی سێ شەممە گەڕاندمیانەوە گرتووخانە، ئەمڕۆ هەینییە و هێشتا چاکەوە نەبوومە. دەمێکی دەنووم، خەو بەسێدار و ئەشکەنجەوە دەبینم، مۆتەکە لە کۆڵم نابێتەوە.   
 
‏ چوومە نەخۆشخانە، گوتیان لە سۆنگەی دەرمانەکانەوەیە و چاک دەبیتەوە. بەڵام من باشتر نەبووم! وا هەفتەیەک تێپەڕی و چاکەوە نابم! پێویستە بۆ پزیشکی دادوەریم بەرن، چ بەڵایەکیان بەسەرمدا هێناوە؟! چییان لێ کردووم؟!   
 
گەر هەرچییەکم لێ هات، لێرەوە ڕایدەگەیەنم، کە من دە مانگە( بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەکم هەبێت و لەوپەڕی تەندروستییدا بووم) ڕفێندراوم، بەرپرسیارێتی ژیانم دەخەمە ئەستۆی دادوەر سەڵواتی و تەواوی بەرپرسان.

ئێستاش، وادیارە بۆ هەژدەی شەهریوەر( خەرمانان) بەبێ پارێزەر دادگاییم دەکەن. ئەمن کەسێکی تەندروست بووم و سەرقاڵی کاری خۆم بووم. ڕاپ، گۆرانی جەماوەریی و دەنگی نادادپەروەرییە. 

من خۆم لە منداڵییەوە کارم کردووە، دەنگی نادادپەروەری، کۆڵبەرانی کورد، هەژاریی و ئەو بەلووچییانە بووم، کە بە کۆڵ سووتەمەنی دەگوێزنەوە. ئەمن تینووم چون ڕووباری کارون و گۆلی ورمێی وشکهەڵاتوو. هەر بۆیەش ڕاپبێژم. 

ئیدی بۆچی قینیان لێ هەڵگرتووم؟!      
ئایا تاوانەکەم گۆرانیگوتنە؟

‏سامان یاسین (سامان صیدی)
‏هەینی ۶ گەلاوێژ ۱۴۰٢/ هەینی 28- 7- 2023

‏گرتووخانەی ڕەجایی شار



AM:12:08:01/08/2023