بڕە پارەیەك لە بەغداوە رەوانەی هەرێم كرا


حكومەتی عێراق بڕی ٥٨ ملیار دیناری شایستە داراییەكانی جوتیارانی رەوانەی هەرێمی كوردستان كرد.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم رایگەیاندووە، شایستە داراییەكانی جوتیاران خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و دوای تەواوبوونی رێكارەكان دەست بە دابەشكردنیان دەكەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو بڕە پارەیە شایستەی دارایی جوتیارانە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و دوای تەواوكردنی رێكارەكان بەسەر جوتیاراندا دابەشدەكرێت.

هەروەها وتویەتی "جوتیاران بەپێی كاتی رادەستكردنی گەنمەكانیان شایستە داراییەكانیان وەردەگرن و ئەو جوتیارەی زووتر گەنمی رادەستكردبێت زووتر پارەكەی وەردەگرێت".

ناوبراو ئاشكرای كردووە "ئەو بڕە پارەیە ٢٧ ملیار دیناری پشكی پارێزگای سلێمانییە و ١٨ ملیاری بۆ جوتیارانی هەولێرە و 
١٣ ملیاریشی پشكی پارێزگای دهۆكە".



PM:12:15:09/08/2023