١٠٠ ملیار دینار بۆ سەرژمێری عێراق تەرخانكراوە


وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیەنێت، ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتووی بۆ سەرژمێریی دانیشتوان دەستنیشانكرد و بڕی ١٠٠ ملیار دیناریشی بۆ پرۆسەكە تەرخانكراوە.

ئەمڕۆ عەواد كازم، سەرۆكی دەستەی ناوەندی ئاماری عێراق ڕایگەیاندووە "سەرژمێرییەكە بە پاڵپشتی تەواوی وەزارەتەكان و دام و دەزگا پەیوەندیدارەكانی كوردستان دەكرێت و پاڵپشتی دارایی تەواویشی تەرخانكراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "سەرژمێرییەكە لە ڕێگەی ئەلیكترۆنییەوە ئەنجام دەدەرێت لە رێگەی سیستمێكی پێشكەوتوو، بڕی ١٠٠ ملیار دیناریشی بۆ تەرخانكراوە، بۆ كڕینی پێداویستییەكان و دامەزراندنی سەنتەرێكی ئەلیكترۆنی بۆ كۆكردنەوەی داتا و زانیارییەكان".

جێی ئاماژەیە لە ساڵی ١٩٩٧ەوە سەرژمێری دانیشوان لە عێراق نەكراوە كە ئەوەش لە هەرێمی كوردستان نەكراوە، بەڵام ساڵی رابردوو وەزارەتی پلاندانان ئاشكرایكرد، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەپێی پسوڵەی خۆراك گەیشتووەتە ٤٣ ملیۆن و ٣٢٤ هەزار كەس.




PM:02:26:12/08/2023