شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات


وا بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیاكانی نزیك لە پارتی راگەیاندووە، بابەتی یاسای بودجە، گفتوگۆی شاندی هەرێم و حكوومەتی عێراقی دەبێت و هەرێمی كوردستان هەموو ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێكردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەكەن، مووچەی فەرمانبەران ئەولەوییەت دەبێت لەكاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە.

سەبارەت بە سەردانی شاندەكەش بۆ بەغدا، پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەكردووە "سەرۆك وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راسپاردووە بۆ ئەوەی هەموو هاوكارییەكی تیمە تەكنیكییەكانی عێراق بكەن و هیچ پرسیارێكیان نەمێنێت بەبێ وەڵام".

هەروەها وتویەتی "رۆژی یەكشەمەی داهاتووش شاندێكی حكومەتی هەرێم بۆ تاوتوێی یاسای نەوت و غاز دەچنە بەغدا و هەرێمی كوردستان دەیەوێت دەستوور بنەما بێت لەبابەتی یاسای نەوت و گاز و ئاشكراشیكرد، سێ لایەنی سەرەكی لە یاسای نەوت و گازدا گفتوگۆ دەكەن، حكومەتی هەرێم، پاریزگا بەرهەمهێنەرەكان و حكومەتی عێراق".



AM:12:26:14/08/2023