لەسەر گیراوەكانی بادینان، عەلی حەمە ساڵح وەلامی عەلی عەونی دەداتەوە


لەسەر سزادراوانی ناوچەی بادینان، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان وەڵامی عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دایەوە و دەڵێت "بەڵێ: دەستگیركراوانی بادینان چالاكوان و ئازادیخوازبوون". 

شەوی رابردوو عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی بادینان رایگەیاند "دەستگیركراوانی بادینان جاسوس بوون، نەك رۆژنامەنووس".

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان رایگەیاندوە "بەڵێ: دەستگیركراوانی بادینان چالاكوان و ئازادیخوازبوون، بەندە(٤٤ كاتژمێر) لە دادگا دانیشتم و گوێم گرت، بچوكترین بەڵگەی تاوانیانیان لەسەر نەبوو… جگە لە كۆمەڵێك تۆمەتی ناڕەوا!، ئەو جوامێرانە نەك بۆ بادینان… ئێستا بۆ تەواوی كوردستان بوون بە ڕەمزی ئازادی!".

عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەكردووە "كۆتا زوڵم! گوهدار زێباری، نزیكەی سێ ساڵە بەناڕەوا لە زیندانە! سێ ڕۆژ پێش ئێستا، ئەو سێ ساڵە تەواوبوو، بەڵام ئاسایش ئازادی نەكرد! وتمان: بۆ! دۆسیەیەكی تری چەكی بۆ كراوەتەوە! دۆسیەكە چیە! لەسەر تاپڕێكی ساڵی ١٩٦٠ دادگایی دەكرێت! كە هی باپیریەتی لە ماڵی خوشكیدا گیراوە!! تەقەش ناكات!".



AM:11:02:18/08/2023