پارتی چاكسازی توركمان بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ناكەن

جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازی توركمان ڕایدەگەیەنێت، وەكو پارتی چاكسازی توركمان بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ناكەن و دەشڵێت: "پشتگیری ئەو لایەنە دەكەن، كە پارێزگاری لە پێكەوە ژیان دەكات و پاراستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو دەگرێت”.

ئەمڕۆ شەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٣، مونا قەهوەچی جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازی توركمان و سكرتێری پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، "وەكو پارتی چاكسازی توركمان بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ناكەن و لیستی سەربەخۆیان نابێت بە تایبەت لە پارێزگای كەركوك و ئەو ناوچانەی، كە خەڵكی ڕەسەنی توركمانی تێدایە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پارتی چاكسازی توركمان هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەكە هەیە و لەكاتی هەڵبژادن و دەستنیشانكردنی كاندیدەكان هەر لایەنێك خزمەتی زیاتری بە ناوچەكە پێشكەش كردبێت پشتگیری لەو لایەنە دەكەن بە تایبەت ئەو لایەنەی، كە پاراستنی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان لەگەڵ ئەزموونی ئێستای هەرێمی كوردستان خۆی دەگونجێت و مافی پێكهاتەكان بە یەكسانی دەستەبەر دەكات ئەو كات بڕیاری فەرمی خۆیان دەدەن.

سەبارەت بەو لایەنەی، كە ئەوان وەك پارتی چاكسازی توركمان لە هەڵبژاردنەكان پشتگیری دەكەن، وتی، "لای ئێمە جیاوازی نیە لە نێوان كورد و توركمان یان هەر پێكهاتەیەكی تر، باوەڕمان بە پێكەوەژیان هەیە، هەر كاندێك خزمەت بەو ناوچانە بكات لە پاراستنی پێكەوەژیان ئەوان پشتگیری لەو لایەنە دەكەن”.

مونا قەهوەچی جەختیشی لەوە كردەوە، كە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتی لە جێبەجێ كردنی مادەی ١٤٠ بەلای پارتی چاكسازی توركمانەوە گرنگە.

بڕیارە لە ١٨ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ بۆ چوارەم جار هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ١٥ پارێزگای عێراق "جگە لە هەرێمی كوردستان” بەڕێوەبچێت.


PM:10:54:19/08/2023