مەكتەبی سیاسی یەكێتی چەندین داواكاریی دەخاتە بەردەم عەبادی

پاش كۆتایی كۆبوونەوەی سەرۆك وزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی، راگەیەنراوێك لەمبارەیەوە بڵاودەكرێتەوە.



دەقی راگەیەنراوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی


راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
سەعات (٢)ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، دەوڵەتمەداری عیراق بەڕێز (حەیدەر عەبادی) و وەفدی یاوەری، گەیشتنە بارەگای مەکتەبی سیاسی و لەلایەن ھەڤاڵان کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتی و مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ھەڤاڵانی کارگێڕو چەندین ھەڤاڵی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، کۆبوونەوەی ھاوبەشیان لەگەلڕ بەڕێز دەوڵەتمەدار و وەفدی یاوەری کرد.
کۆسرەت رەسوڵ، بەخێرھاتنی کردن و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەسەرخستنی کابینەکەیدا. ئامادەیی یەکێتیشی دەربڕی بۆ ھاوکاریکردنی لەسەر بنەمای رێککەوتنە سیاسییەکان و لێک تێگەیشتنەکان.
پاشان بەڕێز حەیدەر عەبادی، دوای خۆشحاڵی دەربڕینی بۆ سەردانی سلێمای و چاوپێکەوتنی لەگەلڕ جەنابی مام جەلال و ھاتنیشی بۆ مەکتەبی سیاسی، بەوردی پرۆسەی چۆنیەتی پێکھێنانی کابینەی حکومەتەکەی و دەست بەکاربونیان و گرفتەکان و ئەرکەکانی باسکردو وتی:
ئامادەم.. بڕیارە سەختەکان بۆ چارەسەرکردنی تێکڕای کێشەکان وەربگرم. لەم رێڕەوەشدا، ھاتە سەر قورسی ئەرکەکان، پێویستی ھاوکاری ھەموولایەک بۆ راپەڕاندنی فەرمانەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان. بەتایبەتی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە:
دوای سەرھەڵدانی داعش، وڵاتەکە و بەغدادی پایتەختیش مەترسی داگیرکردنی ھەبوو. پایتەخت گەمارۆ درابوو، کەلێنێکی نەبێ. رونیکردەوە کە:
ھاوکاری ھێزە چەکدارەکان و پێشمەرگەو رووبەڕووبونەوەی قارەمانانە لەگەلڕ داعشدا، بەیارمەتی ئێران و ئەمریکا و رۆژئاواو پشتیوانەکان، عیراقیان لەو دوژمنانە ھەتا رادەیەکی زۆر دەرباز کردووە، بەڵام تەواوکردنی رێگاکە ماویەتی.
باسی کۆنگرەی پاریس، لێدانی داعش لەناوچەکە، تایبەت لەسوریای کرد، ھەروەھا چۆنیەتی ھەڵوێست وەرگرتنیشی لەم کاتەدا، لەسەر کۆی رووداوەکان، لەلایەن حکومەتەوە خستەڕوو.
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی، وێڕای بەخێرھاتن و ھیوای سەرکەوتن بۆی، وتی:
بەداخەوە، کێشە چارەسەرنەکراوەکانی کابینەکانی پێشوی عیراق و خۆدزینەوە لەجێبەجێکردنی بڕیارو بەرنامە ھاوبەشەکان، ھەمومانی والێکرد بەنیگەرانییەوە بڕوانینە تەواوی پەیوەندییەکان و گومان لەھەموو بڕیارەکان دەکرا. وتیشی:
یەکێتیی، لەھەشت ساڵی رابوردوودا، سەرباری پاراستنی یەکڕیزی ھێزە کوردستانییەکان، زۆریش ھەوڵیداوە پەیوەندی کوردستان و شیعە، ھەروەھا چارەسەرکردنی کێشەی سوننەکان، رەچاوی مەسئولانە بکرێ .
لەم رووەوە، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی، ئەم خاڵانەی خوارەوەی کردە تەوەری سەرەکی ئەرکی دەوڵەتمەداری عیراق، ھەتا بەکردەوە، ھەروەکو بەڕێزیان لەسەرەتای قسەکانیاندا فەرمویان، بڕیارە سەختەکان بەکردەوە بدات و جێبەجێ بکات. ئەو خاڵانەش ئەمانەی خوارەوە بوون:
١-چارەسکردنی بودجەی ھەرێم، بەبێئەوەی لەمەودوا بودجەو موچە ببەسترێتەوە بەکێشە سیاسییەکان.
٢-چیکە کات بۆ جێبەجێکردنی مادەی (١٤٠) بەفیڕۆ نەدرێ‌، چونکە مادەکە دەستورییەو بناغەی گێڕانەوەی متمانەشە لەنێوان ھەرێم و بەغداد.
٣-یاسای نەوت و گاز، بەشێوەیەک چارەسەر بکرێ‌، کە دەستەبەری مافی ئابوری کوردستان لەبنەڕەتەوە بکرێ .
٤-ھێزی پێشمەرگە، وەکو بەشێکی سیستەمی بەرگری عیراق، چەکدار بکرێ‌. بەتایبەتی پێشمەرگە، دوای داڕوخانی بەشی زۆری سوپای عیراق، سەلماندی چ ھێزێکی پارێزەرو جەنگاوەرە.
٥-ھاوبەشی راستەقینە لەحوکم و حکومەتدا، بکرێتە بناغەی گێڕانەوەی متمانەی سیاسی نێوان ھەرێم و بەغداد و لابردنی کۆسپەکانیش.
لەدرێژەی قسەکاندا، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی، وتی: لەم سێ مانگەی دانراوە، ھەتا بزانرێ حکومەتی عەبادی چۆن چۆنی ھەنگاوی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیھێنانی داخوازییەکان، دەنێ.. سێ مانگی گرنگن بۆ متمانەی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد.
لەکۆتاییشدا، وتیشی:
یەکێتیی، دوای پێکھێنانی حکومەتی ئێستای عیراق، بەسەنگێکی زیاترەوە، نوێنەری سیاسی خۆی لەبەغداد دیاری دەکات و بەئەزموون وەرگرتنیش لەتەواوی کێشەو گرفت و ھەڵەکان، کە لەھەشت ساڵی رابوردوودا، کراوون، لەمەودوا یەکێتیی، سیاسەتی بەرپرسیارێتی کوردستانی و نیشتمانیی قۆناغە نوێکە، دەکاتە بناغەی سیاسەت و بڕیارەکانی. چونکە لەسەر ئاستی عیراق و کوردستان و ناوچەکەش، دەرس و پەندی زۆرمان وەرگرتووە.



PM:04:57:19/09/2014