سەربازێكی دیكەی فەڕەنسی لەهەولێر گیانی لەدەستدا


سەربازێكی دیكەی فەرەنسا لە كاتی مەشقكردن بە هێزە عێراقییەكان بە سەختی برینداربوو و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەیەكی هەولێر، گیانی لەدەستدا.

وەزارەتی بەرگری فەرەنسا لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە سەربازێكمان بە ناوی (نیكۆلا لاتۆرت) كە سەر بە فەوجی شەشی ئەندازیاران بوو، لەكاتی مەشقكردن بە هێزە عێراقییەكان گیانی لەدەستدا".

بەپێی ئەو راگەیەنراوە، سەربازەكە دوای ئەوەی "بە سەختی" برینداربووە، بە هێلیكۆپتەر گواستراوەتە نەخۆشخانەیەكی هەولێر و لەوێ گیانی لەدەستداوە.

درەنگانی شەوی هەینی رابردووش ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند، سەربازێكی فەرەنسی لە رووداوێكی هاتووچۆدا لە عێراق گیانی لەدەستدا، كاتێك خەریكی بەجێگەیاندنی ئەركێكی مەشق و راهێنان بووە بە هێزە چەكدراەكانی عێراق.



PM:02:35:21/08/2023