دوای نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکان
هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا دەستپێدەکاتەوە


وەزیرانی نەوتی عێراق و تورکیا جەختیان لە گرنگی دەستپێکردنەوەی ڕۆیشتنی نەوت کردەوە، ئەمەش دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکان.

ئەمڕۆ سێ شەممە دوای کۆبوونەوەی هەردوو وەزیر، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردۆتەوە، هاتووە، "حیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت لە ئەنقەرە لەگەڵ ئالپ ئەرسلان بەیرەکتەری وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا کۆبوونەتەوە".

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا هەر دوو وەزیر کۆمەڵێک بابەتی دوو قۆڵی و ناوچەیییان تاوتوێ کرد کە جێگەی بایەخی هاوبەشن و جەختیان لە گرنگی هێڵی بۆری نەوتی خاو لە نێوان عێراق و تورکیا کردەوە، هەروەها جەختیان کردەوە کە ڕۆیشتنی نەوت دوای تەواوبوونی پرۆسەی نۆژەنکردنەوە و پشکنینی پێویست، دەستپێدەکاتەوە، کە لە دوای ڕووداوی بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتەوە پێویستی بەو نۆژەنکردنەوەیە هەیە”.

هەردوو وەزیر جەختیان لە "بەرزکردنەوەی ئاسۆی هاوکاری هاوبەش لە بوارەکانی وزە، نەوت و گاز، پەیوەندی کارەبایی و وزەی نوێبووەوە" کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "لیژنەی ئابووری هاوبەشی عێراق و تورکیا کە سەرۆکایەتی هەردوو وەزیرەکە دەکات، بڕیاریدا نۆزدەهەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە لە بەغدا ئەنجامبدرێت، کە دواتر وادەی کۆبوونەوەکە دیاری دەکرێت".



PM:04:28:22/08/2023