بەرێوەبەرایەتی ئاو: سبەینێ کێشەی ئاوی گەڕەکەکانی سلێمانی چارەسەردەکرێت

بۆری ئاوی هێڵی دوکان سلێمانی کە دوو رۆژە شکاوە لە ئێستادا کارکردن تێیدا بەردەوامە ئەمشەو چاکدەکرێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی ئابی ٢٠٢٣ بەختیار تاهیر بەڕێوبەری ئاوی سلێمانی رایگەیاند: "کارکردن لە بۆری ئاوی هێڵی یەکی دوکان-سلێمانی بەردەوامە لە قۆناغی چاکردنەوەدان".

باسی لەوەشکرد، بە ئەگەری زۆرەوە ئەمشەو بۆری ئاوی هێڵی دوکان-سلێمانی چاکدەکرێتەوە لە سبەینێوە دابەشکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانی دەرەوەی شەقامی ٦٠ مەتری و گەڕەکی راپەڕین دەستپێدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمشەو بۆری ئاوی هێڵی دوکان-سلێمانی چاکدەکرێتەوە بەڵام ناتوانرێت دابەشکردنی ئاو دەسپێبکاتەوە بەو پێیەی پێویستە شەش کاتژمێر دوای چاککردنەوەکە ئاو دابەشبکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی پێنجشەممە بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، "بەهۆی شکانی هێڵی یەکی ئاوی دوکان - سلێمانی گەڕەکەکانی دەرەوەی شەقامی ٦٠ مەتری و گەڕەکی راپەڕین بێ ئاو دەبن و ئەگەری هەیە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوو کێشەکە چارەسەر بکرێت".


PM:11:21:25/08/2023