لە بارەی گیراوەکانی بادینانەوە
دیندار زێباری: هیچ لایەنێکی دەرەکی و ناوخۆی بۆیان نییە دەستوەردان بکەن

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا بکات، چونکە دادگاکانی هەرێمی کوردستان سەربەخۆن".

ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی ئابی ٢٠٢٣، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە هەرێمی کوردستان دادگاکان دەسەڵاتی سەربەخۆن و بڕیاری یاسایی خەسڵەتێکی تایبەتمەندە بە جومگەی هەرەمی دادوەری و هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری دادگا بکات".

دیندار زێباری ئاماژەی بەوەشدا، لەناو ئۆتۆمبێلی گوهدار دەستگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنی، بۆیە بە پێی یاسای چەک دۆسیەی بۆ کراوەتەوە هەر بە پێی یاسای چەک، هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت چەکی پێ بگیرێت ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن یان پێ بژاردن دەبێتەوە. دۆسیەی گوهدار هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند نەکراوە بۆ دادگاییکردنی.

گوهدار زێباری و شێروان شێروانی، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ ەوە دەستگیرکراون. بڕیار بوو لە ٩ ی ئەیلول شێروان شێروانی ئازاد بکرێت، بەڵام تۆمەتی "ساختەکردنی واژۆی" هاوڕێکانی درایە پاڵ و بە ٤ ساڵ زیندانیکردنی تر سزا درایەوە.
گوهدار زیباریش لە ١٦ ی ئاب وادەی سزاکەی تەواو کردو بڕیاربوو ئازاد بکرێت، بەڵام تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەتی دراوەتە پاڵ و بڕیارە بەو تۆمەتەش دادگایی بکرێتەوە


PM:09:02:26/08/2023