بەشێك لە هاوڵاتیانی كوردی دانیشتووی شاری كەركوك لە رێگای خۆپیشاندانەوە داوای كردنەوەی رێگەی هەولێر- كەركوك دەكەن، کە ماوەی نزیکی هەفتەیەکە لەلایەن جەماوەی چەند گرووپێکی حەشدی شەعبیەوە گیراوە، بەڵام خۆپیشاندانەكە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و چەکداری مەدەنی عەرەب گرژی تێكەوتووە.
لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی هاوڵاتییانی كوردی شاری كەركوك كە داوای كردنەوەی رێگەی كەركوك-هەولێر دەكەن، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تەقە بە ئاراستەی خۆپیشاندەران كرا.
بەپێی زانیارییەكان، دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەشێك لە خۆپیشاندەرانی كورد لە گەڕەكی رەحیماوە بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە داوای كردنەوەی رێگەی كەركوك-هەولێر دەكەن، بەڵام لەلایەن چەكداران حەشدی شەعبییەوە تەقەیان بەسەردا كراوە و ئاگر كەوتۆەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا لەبارەی زیانەكان هیچ زانیارییەك ئاشكرانەكراوە.