هەفتەی داهاتوو لیستی مووچە رادەگەیەندرێت

ئەمڕۆ چوار شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی ( ماوە بە سەرچووی هەرێم ) کۆبووەوە، بەلآم هیچ بڕیارێکی لە بارەی دابەشکردنی مووچەوە رانگەیاند.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار لەسەر دەستکردنی بە دابەشکردنی مووچەو راگەیاندنی لیستی مووچە نەدراوە، لەبەرئەوەی هێشتا ئەو سلفەی ٥٠٠ ملیارەی بە قەرز دەدرێت بە حکومەتی هەرێم لەلایەن بەغداوە، بە هەڵپسێردراوی ماوەتەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا پرسی پێدانی ئەو قەرزەی حکومەت بە پەسەندکردنی، یان رەتکردنەوەی بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەسەر نەدراوە.

لە حاڵەتی رەزامەندی لەسەر وەرگرنتی قەرزەکە، دەبێت حکومەتی هەرێم لە دوو بانکی عێراق ( رافدەین و رەشیدەوە ) وەربگرێت و ئەمەش هەندێک رێوشوێنی دەوێت، ئەوە لە کاتێدایە کە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق بە بۆنەی جەژنی عاشوارەوە پشووە.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە دەست بە دابەشکردنی مووچە لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێبکات و وەزیری دارایش بۆ ئەو پرسە راسپێردراوەو، بڕیارە بەزووترین کات لەو بارەیەوە راگەیاندنێک لە حكومەتی هەرێمەوە بڵاوبکرێتەوە.

پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا رێوشوێنەکانی وەگرتنی ئەو سلفەیە لە بانکەکانی بەغدا کۆتایی بێت و لە داهاتی ناوخۆ رێژەی کورتهێنانی مووچەکە پڕبکرێتەوەو ئەگەر حکومەت بڕیاری کۆتایی لە بارەوە بدات، دواتریش لیستی مووچە رابگەیەندرێت.

 

PM:02:20:06/09/2023