مەحمود عوسمان: داهاتووی هەرێم لەبەردەم مەترسیدایە


سیاسەتمەداری سەربەخۆ وبە ئەزموونی کورد د. مەحمود عوسمان دەڵێت " پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد وایکردووە بارودۆخی هەرێم بەرەو خراپتر بچێت"، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بڕوات داهاتووی هەرێم لە بەردەم مەترسیدایە.

دکتۆر مەحمود عوسمان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، "نامەوێت بڵێم ڕەشبینم، بەڵام گەشبینیش نیم. لە یەک حاڵەتدا گەشبینم کە ئەو دوو حزبە سەرەکییەی ئێستا حوکم دەکەن ڕێک بن، دانیشن و کێشەکان حەل بکەن، لەگەڵ بەغداد و تورکیا ڕێکبکەون، ئەو کات دەتوانن کۆمەڵێک شت بپارێزن و هەرێمەکەش نەهێڵن لەوە لاوازتر بێت. هەریەکەو لە لایەک و ڕێکنین سیاسەتیان یەک نییە. ئەگەر وا بڕوات ئایندەی هەرێمەکە باش نابینم."

دکتۆر مەحمود پێوایە، حکومەتی عێراق لە کەرکوک "زوڵم" و "فێڵ" لە کورد دەکات، هاوکات یەکێتی و پارتیش بە بەشێک لە کێشەکان دەبینێت.

ئەو سیاسەتمەدارە بە ئەزموونە، ڕایگەیاندووە، "وەزعی کەرکوک خراپە. حکومەتی عێراق لە کەرکوک، زوڵم و فێڵ لە هەرێم دەکات، کێشە دورست دەکەن، دەیەوێت دەسەڵاتی کورد لاواز بکات لە کەرکوک. بەڵام خەتای کوردیشی تێدایە؛ کەرکوک لە دەست کورددا بوو نەیانتوانی وەزعێكی وا دروست بکەن بەردەوام بێت، بەڵام حکومەتی عێراق غەدر لە هەرێم دەکات. ئەوان کردیانە شارێکی عەرەبی و ناهێڵن جارێکی تر کورد ئیدارەی شارەکە بکات ئەگەر پێیان بکرێت."

سیاسەتمەدارەکەی کورد کە پێشتر ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە پێیوایە عێراق باوەڕی بەفیدڕاڵیەت نییە و دەیەوێت دەستەڵاتداری مەرکەزی بێت.

مەحمود عوسمان دەشڵێت، "بۆ قبوڵ کردنی هەرێمیش ناچار بوون، کە سەدام ڕووخا هەرێم هەبوو بۆیە ناچاربوون قبوڵی بکەن."



AM:09:22:07/09/2023