لەسەر نەناردنی مووچەی هەرێم هەوڵی بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی دەدرێت

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە حاڵەتی نەناردنی مووچەدا لەلایەن بەغداوە، کار بۆ بانگهێشتنی وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان دەکەن.

سروە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت " فراکسیۆنی یەکێتی کاردەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، بانگھێشتی وەزیری دارایی عێراق بکەن بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ھۆکاری دابین نەکردنی مووچە."

لە درێژەی لێدوانەکەیدا پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەشڵێت" لە ئێستادا حکومەتی عێراق بڕیاریداوە ٥٠٠ ملیاردینار بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەپێی راپۆرتی رێکخراوی دیلۆتیش حکومەتی ھەرێم دەتوانێت بە داھاتی ناوخۆ و ئەو ٥٠٠ملیار دینارە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دابەش بکات".

راشیگەیاند، "حکومەتی ھەرێم پێویستە خۆی کۆبکاتەوە، بەو بڕ پارەی لە بەغدادەوە دەنێردرێت لەگەڵ داھاتی ناوخۆ مووچە دابەش بکات".



AM:12:29:09/09/2023