هۆکاری نەناردنی بەشە بوودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە ڕاگەیەندرا

راوێژکاری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی بۆ کاروباری وزە رایدەگەیەنێت" نا شەفافی پڕۆسە نەوتییەکانی هەرێم و گومان لە داتای داهاتی نانەوتی و رادەستنەکردنی نەوت، هۆکاری نەناردنی بەشەبودجەی هەرێمە لە بەغداوە". 

بەهجەت ئەحمەد راوێژکاری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی بۆ کاروباری وزە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" هۆکارەکانی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم دەگەرێتەوە بۆ ناشەفافی پرۆسە نەوتیەکانی ھەرێم، چونکە جیاوازی ھەیە لە نێوان داتای فرۆشتنی نەوتی ھەرێم و بەغدا، داتای بڕی فرۆشراوی نەوتی ھەرێم لای حکومەتی بەغدا زیاترە لەوەی کە ھەرێم ئاشکرای کردوە". 

دەشڵێت" گومانی زۆری حکومەتی بەغدا لە داتای داھاتی نانەوتی ھەرێم هۆکارێکی دیکەی نەناردنی بەشە بودجەیە و شاندی ھەرێمیش سەرکەوتوو نەبون لە سەلماندنی راستی داتاکان، هۆکارێکی دیکە بریتییە لە رادەستنەکردنی نەوتی ھەرێم وەک ئەوەی لە یاسای بودجە ھاتووە و ئێستاش حکومەتی بەغدا بەرۆحێکی تۆڵەکردنەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات، هەروەها فشار لە ھەرێم دەکات بۆ ئەوەی رازی بێت بە رەشنوسی یاسای نەوت و غازی ناوەندی".


PM:01:42:10/09/2023