تورکیا دوو بارە هێزی سەربازی لە چیای مەتین دادەبەزێنێت

ئەمشەو ١٠ی ئەیلول سوپای تورکیا دوای بۆردومانێکی ئاسمانی توندی چیای مەتین و ناوچەکانی قەزای ئامێدی، سەرلەنوێ لە رێگای ئاسمانییەوە هێزی لە دوو خاڵی سەر چیاکە دابەزاند کە لە پایزی ساڵی رابردوودا چۆڵیان کردبوو.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ( سپی ) ئەمشەو لە رێگای کۆپتەرەوە دوای بۆردومانێکی سەخت، تورکیا هێزێکی لە دوو خاڵی چیای مەتین جێگیر کرد، ئەمەش دوای ئەوەی بۆردومانێکی زۆری ناوچەکەی کرد.

ئەو دوو خاڵەی کە ئەمشەو هێزەکەی تورکیا لێ جێگیرکراوە نزیکە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکەو نزیکیشە گوندی سگێرێ کە دەکەوێت ٦ کم لە رۆژهەڵاتی شاری ئامێدی.

لەگەڵ دابەزاندنی هێزەکە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە، شەڕ لە نێوان گەریلاکانی پەکەکەو ئەو هێزەی تورکیادا روویداو، بە ئاسانی دەنگی چەکی قورس و سووک لە ناوچەکە دەبیسترێت.

ئەم  دوو خاڵەی سەر چیای مەتین، دوو بنکەی سەربازی تورکیان لە کۆی نۆ بنکە کە پایزی ساڵی رابردوو هێزەکانی تورکیا لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا پاشەکەشەیان لە هەمووی کرد.

چاودێران پێشبینی دەکەن سوپای تورکیا دەستەبکات بە ئۆپراسیۆنی سەربازی لەو ناوچەیە. 

 



PM:10:50:10/09/2023