قوباد تاڵەبانی: گەر قەیرانەکە چارەسەر نەکرێت کێشەکان قوڵتر دەبنەوە

ئەمرۆ دوشەممە قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمریکا لە دیدارێکدا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادیان تاوتوێ کرد و قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، "ئەگەر بە خێرایی نەتوانین بەسەر کێشە ناوخۆییەکاندا زاڵ بین، قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٣، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گفتوگۆیان لەسەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە تایبەتیش لەسەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران کرد.

 قوباد تاڵەبانی  لە دیدارەکەدا جەختی لەوە کردۆتەوە ، هەرێمی کوردستان و کورد بە گشتی ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی جدی بووەتەوە، ئەگەر بە خێرایی نەتوانین بەسەر کێشە ناوخۆییەکاندا زاڵ بین، قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران ڕاشیگەیاند، "ئامادەیە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی هاووڵاتییان هەرچی هەنگاو و ڕێوشوێنی پێویستە بیگرێتەبەر".

 ئاماژەی بەوەشداوە، تا دەرفەتی زیاتر لە دەستبدەین، چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانیش قورستر و ئاڵۆزتر دەبن.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، هەردوولا هاوڕابوون، کە پێویستە بە خێرایی کێشەکانی ناوخۆی هەرێم چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەی بە یەکگرتوویی و یەکدەنگییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بدرێت، بە تایبەتیش کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان.


PM:11:39:11/09/2023