د.هەڤاڵ ئەبوبەكر: هەرێمی كوردستان كەوتۆتە بەردەم مەترسی هەڵوەشانەوە


د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئێستا قەوارەی هەرێمی كوردستان كەوتۆتە بەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوە و دەڵێت، "پاراستنی قەوارەی هەرێم، پاراستنی خۆمان و وڵات و شەهیدەكانمانە".

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاندووە "قەوارەكە هاتوەتە بەردەم مەترسی هەڵوەشان و نەمانی هاوڵاتیەكانی، دەبینەوە بە هاوڵاتی پلە دوو و پەراوێزخراو، دەمانباتەوە ناو كەمپەكان، دەمانكەنەوە بە كارەكتەری نا كاری".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "لەدەستدانی قەوارەی هەرێم لەدەستدانی كوردستانە بەگشتی، پاراستنی قەوارەی هەرێم پاراستنی یەكێتی و پارتی نییە، بەڵكو بۆ پاراستنی خۆمان و وڵات و شەهیدەكانمانە".

ئەو لێدوانە لەكاتێكدایە شەوی رابردووش پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمەریكی، نامەیەكی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوە درێژكراوە)ی بڵاوكردەوە كە رۆژی 3ی ئەم مانگە بۆ جۆبایدن، سەرۆكی ئەمەریكای ناردووە و رایگەیاندووە "بەهۆی بەردەوامی كێشەكانی هەولێر و بەغدا و خراپی دۆخی ئابورییەوە، هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی لەناوچوونە".



PM:09:47:13/09/2023