یەكێتی وەڵامی فراكسیۆنی پارتی دەداتەوە

فراكسیۆنی  یەكێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی خەسرەو گۆران، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەداتەوە و رایدەگەیەنێت  " پەرلەمانی عێراقیش وەك ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لێ نەكات ".

خەسرەو گۆران لە هەڤپەیڤینێكی هەفتەنامەی رووداو، ژمارە 327ی ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاندبوو، "یەكێتی لە دەرەوەی ئیجماعی كوردی، دەنگی بە كاندیدی وەزارەتەكانی بەرگری ‌و ناوخۆی عێراق دا".

لە وەڵامەكەی لیستی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ خەسرەو گۆران، هاتووە، "تائێستا هاوپەیمانی یاخود ئیجماع، كە داوای لیستی یەكێتی-یە، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دروستنەكراوە بۆ ئەوەی كاك خەسرەو گۆران بەناوی ئیجماعی كوردییەوە قسە لەسەر ئەو مەسەلەیە بكات‌و گوایە رێككەوتنی پێش وەختە هەبووبێت لەلایەن لیستە كوردستانییەكانەوە و دواتر یەكێتی لە بڕیاری ئەو ئیجماعە دەرچووبێت".

لە بەشێكی دیكەی وەڵامەكەدا، لیستی یەکێتی رایگەیاندووە، کە "پڕكردنەوەی پۆستە وەزارییەكانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات، بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی لەسەر بووە، سەرباری ئەو بڕیارەش، ئەندامانی یەكێتی راوێژیان بەمەكتەبی سیاسی كردووە بۆ ئەم مەبەستە، واتە دوای دیراسەكردنی بابەتەكە بڕیار لەسەر ئەو هەنگاوانە دەدەین".

لیستی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە كۆتایی وەڵامدانەوەكەشیان گوتوویانە، "داوا لە خەسرەو گۆران دەكەین، پەرلەمانی عێراقیش وەك ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لێ نەكات، ئێمە درك بە بەرپرسیاریەتی سەرشانمان دەكەین‌و بەتایبەت لەم رەوشە هەستیارەدا وەك پەرلەمانتار ئەركی نیشتمانی خۆمان جێبەجێ دەكەین بەدوور لە موزایەدەی سیاسی".



PM:01:56:22/09/2014