ئاسایش ڕێگری لە گردبوونەوەیەک کرد کە بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت سازکرابوو

بڕیاربوو ئێوارەی ئه‌مڕۆ چوارشەممە گردبوونەوەیەک لەلایەن لیژنەی بەرگری لە ئاسایشی خەڵكی كوردستان له‌ به‌رده‌م باخى گشتى سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام لە لایەن ئاسایشی پارێزگای سلێمانییەوە ڕێگری لێکرا. 

هەروەها بڕیاربوو گردبوونەوەكە بۆ ئیدانەکردنی هێرشە درۆنییەكەی سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت ئەنجام بدرێت، بەڵام ئاسایشی سلێمانی بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت، ڕێگری لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەكە كرد.

لەمبارەیەوە لیژنەی بەرگری لە ئاسایشی خەڵكی كوردستان کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنی و خەڵکی شارەکە، لە بەیاننامەیەکدا ئەمشەو چوارشەممە بڵاویانکردەوە" ڕۆژی دووشەمەی ڕابردوو به‌ درۆن هێرشكرایه‌ سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت له‌ پارێزگای سلێمانی و به‌ پێی ڕاگه‌یاندنە فەرمیەکان، بەداخەوە چەند کەس لە هێزەکانی دژەتیرۆر گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسی دیکەش برینداربوون، وە لە هەمان رۆژدا له‌ شاری هه‌ولێر بە رۆژی رووناک ئەندامی كونگره‌ی نه‌ته‌وەیی كوردستان به‌ ناوی (ده‌نیز جەودەت، ناسراو بە دەنیز هێڤی) له‌ناو باره‌گای ئه‌و رێكخراوه‌دا تیرۆركراوە کە ئەنجامدەری هەردوو تاوانەکە دەوڵەتی فاشستی تورکیایە". 

ئەوەش هاتووە" ئێمه‌ ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه به‌ توندی شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەین و راستەوخۆ بە دژی ئازادیەکان و دژ بە ژیان و ئاسایشی خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەزانین و ‌ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراق و‌ هه‌رێم بەرپرسن لە راگرتنی ده‌ستدرێژیەکانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت و هەوڵەکانیان بۆ درووستکردنی پشێوی و ناسەقامگیری و پێویستە رێگانه‌ده‌ن له‌وه‌ زیاتر ژیان و ئاسایشی دانیشتوانی هەرێم بکەوێتە بەر مەترسی". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

راگەیاندنێک به‌ بۆنه‌ی:

هێرش بۆ سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت و تیرۆرکردنی كادیرێکی ك. ن. ك. له هه‌ولێر 

ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ١٨/٩/٢٠٢٣ ، به‌ درۆن هێرشكرایه‌ سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت له‌ پارێزگای سلێمانی و به‌ پێی ڕاگه‌یاندنە فەرمیەکان، بەداخەوە چەند کەس لە هێزەکانی دژەتیرۆر گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسی دیکەش برینداربوون. وە لە هەمان رۆژدا له‌ شاری هه‌ولێر بە رۆژی رووناک، ئەندامی كونگره‌ی نه‌ته‌وەیی كوردستان به‌ ناوی (ده‌نیز جەودەت، ناسراو بە دەنیز هێڤی) له‌ناو باره‌گای ئه‌و رێكخراوه‌دا تیرۆركراوە کە ئەنجامدەری هەردوو تاوانەکە دەوڵەتی فاشستی تورکیایە.

ئەو کارانە راستەوخۆ لە درێژەی ئەو کردەوە سەربازی و تیرۆریستیانەیە کە هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران، لە چوارچێوەی سیاسەتێکی دووژمنکارانەی دژ بە خواستی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان، بەبێ هیچ ئاستەنگێک و هەرکاتێک بیانەوێت له‌ هه‌رێمی كوردستان ئەنجامی دەدەن و بە بەرچاوی جیهانی بەناو دیموکراسی و نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشەوە و بەبێ حسابکردن و گوێدان بە دەسەڵاتی لەسەرکاری عێراق و هەرێم، لە ئاسمان و زەمینەوە هێرش و پەلاماری سەربازی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبەن پەنابەرانی سیاسی و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و خەڵکی سڤیل و شوێنی ژیانی گشتی دەکەنە ئامانج و بەوهۆیەوە هەرێمی کوردستانیان گۆڕیوە بە سەرزەمینێکی نائارام و نێوەجەنگی.

ئێمه‌ ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه به‌ توندی شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەین و راستەوخۆ بە دژی ئازادیەکان و دژ بە ژیان و ئاسایشی خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەزانین و ‌ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراق و‌ هه‌رێم بەرپرسن لە راگرتنی ده‌ستدرێژیەکانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت و هەوڵەکانیان بۆ درووستکردنی پشێوی و ناسەقامگیری و پێویستە رێگانه‌ده‌ن له‌وه‌ زیاتر ژیان و ئاسایشی دانیشتوانی هەرێم بکەوێتە بەر مەترسی.

وە خەڵکی کوردستان چیتر نابێت لە ئاست ئەو هەڕەشە و پەلامار و نانەوەی فەزای ترس و سەررەڕۆییەکانی ئەو دوو دەوڵەتەدا، بێ دەنگ بین و کاتی ئەوە هاتووە تەواوی خەڵکی ئازادیخواز و ژیانخواز و ناڕازی کوردستان بێینە مەیدان لە دژی ئەم دۆخە نەخوازراوە، کە بووە بە سەرباری ژیانی سەخت و ناهەموواری ئابووری و سیاسی ژێر سایەی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم.

لیژنەی بەرگری لە ئاسایشی خەڵکی کوردستان
١٩/٩/٢٠٢٣


PM:09:30:20/09/2023