ستران عەبدوڵا: لە کۆنگرەی پێنجەمدا دەسەڵاتی زیاتر دەدرێت بە سەرۆک بافڵ تاڵەبانی

ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، ستران عەبدوڵا لەبارەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی یەوە کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە ببەسترێت، دەڵێت" لە پێنجەمین کۆنگرەدا دەسەڵاتی زیاتر دەدرێت بە سەرۆک بافڵ".
 
ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی بەشداری لە بەرنامەی پانۆرامای کەناڵی کوردسات رایگەیاند" بەهەوڵی سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتی نوێی یەکێتی بۆ یەکەم جارە کۆنگرە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و سەرۆکی یەکێتی بەربەستەکانی بەردەم بەڕێوەنەچونی پێنجەمین کۆنگرەی لابرد و دەبێت هەوڵ بدرێت هەموو و حزبە سیاسییەکانی هەرێم لەکاتی خۆیدا کۆنگرە ئەنجام بدەن و نوێگەری بکەن".

لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاندووە" حزوری یەکێتی لەبەغدا و بەتایبەت سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پەیوەندی بە ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، کە لە ئێستادا چەقی بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لەبەغدایە و دەبێت لەبەغداوە داوای مافەکانی کورد بکرێت".
 
"یەکێتی لەهەموو هەلومەرجێکدا دەرگای گفتوگۆی کراوەیە بۆ هەموو لایەنەکان، بۆ ئاشتی و پێکەویی هەموو هەوڵێک دەدات و لەدوای ئەم کۆنگرەیەش لەو هەوڵانە بەردەوام دەبێت، خەڵکی کوردستانیش وریا و بە ئاگان کەپێویستە سەرجەم لایەنەکانی هەرێم یەک دەنگ و یەکگرتوو بن، بەتایبەت بۆ چونە بەغدا و داکۆکی لەمافەکانی کورد"، ستران عەبدوڵڵا وای وت.
  
بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە سلێمانی ببەسترێت، تا ئێستا جگە لەو باڵەی لاهور شێخ جەنگی کە بەو پێیەی دەرکراون بەشداریان لە کۆنگرەدا پێناکرێت، نازانرێت چەند ئەندامی ئەنجومەنی باڵا رازی دەبن بە چۆنێتی بەڕێوەچوونی کۆنگرە و بەشداری دەکەن. 

هەروەها تا ئێستا یەکلایی نەبۆتەوە کۆنگرەکە بە مەراسیم دەستپێدەکات و میوانان لە یەکەم رۆژدا بەشداری پێدەکرێن و، میدیاکان دانیشتنەکانی کۆنگرە بڵاودەکاتەوە، یان بە داخراوی بەڕێوە دەچێت.



PM:07:16:22/09/2023