كۆمەڵی دادگەریی: حكومەتی كاربەڕێكەر مافی نییە بەناوی هەرێمەوە هەنگاوی ستراتیژی بنێت


ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەریی رایدەگەیەنێت "حكومەتی كاربەڕێكەر مافی نییە بەناوی هەرێمەوە هیچ هەنگاوێكی ستراتیژی بنێت".

بەپێی راگەیەنراوی كۆمەڵی دادگەریی، ئەمرۆ شەممە لە شاری سلێمانی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەریی بە سەرۆكایەتی عەلی باپیر، سەرۆكی ئەو حیزبە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداوە و كۆمەڵ جارێكی دیكە جەختیكردەوە "پێویستە حكومەت بە زووترین كات دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بكات بەو داهاتەی لەبەردەستدایە تا ئەوكاتەی پارە لە بەغداوە دەگات، چونكە داهاتی ناوخۆ ئەوەندە لەبەردەستە كە بتوانرێت مووچە دابەش بكرێت". 

هەروەها كۆمەڵ جەختی كردەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بەو پێیەی ئێستا هەرێم لە غیابی دەسەڵاتی یاساداناندایە و حكومەتی كاربەڕێكەر مافی نییە بەناوی هەرێمی كوردستانەوە هیچ هەنگاوێكی ستراتیژی بنێت. هەر بۆیە گرنگە هەڵبژاردنێكی پاكوبێگەرد بە چاودێریی لایەنی نێودەوڵەتی بەرێوە بچێت. 

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەری بانگهێشتی تەواوی كەس و لایەنە نارازییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دروستكردنی بەرە و لیستی هاوبەش، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمەڵی دادگەری ئامادەیە لە دەرگای تەواوی ئەو لایەنانە بدات بۆ دروستكردنی ئەو بەرەیە".



PM:04:15:23/09/2023