بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە لە نەینەوا کەسێک گیان لە دەستدەدات

سەرچاوەیەكی پزیشكی هەواڵی گیان لەدەستدانێكی نوێ‌ بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە لە پارێزگای نەینەوا رادەگەیەنێت، كە كاری گۆشتفرۆش بووە لە سەنتەری شاری موسڵ.

ئەمڕۆ شەممە ٢٣ ی ئەیلولی ٢٠٢٣، سەرچاوەیەكی پزیشكی بە میدیا عیراقییەكانی رایگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا گیان لەدەستدانی كەسێكی تۆماركردووە كە كاری گۆشتفرۆش بووە لە سەنتەری شاری موسڵ، بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، دەسەڵاتدارانی تەندروستی نەینهەوا بەهۆی تۆماركردنی ئەو حاڵەتەوە، ڕێكاری خۆپارێزییان گرتەبەر، ئەو شوێنەیان داخست كە گۆشتفڕۆشەكە كاری تێدا دەكرد، بە مەبەستی پاكژكردنەوەی كەرەستەكانی ناوی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكە".

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ژمارەیەك لە پارێزگاكانی عیراق گیان لە دەستدان لەنێو ئەو كەسانەدا تۆماركرا كە تووشی تای خوێنبەربوون بوون، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر دوو حاڵەتی مردن لە پارێزگای هەولێر تۆمار كراوە، هاوكات پارێزگای كەركوكیش، هەر بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە حاڵەتێكی مردنی تۆماركردووە، داواش لە هاووڵاتیان كراوە، ئاگاداربن لەكاتی كڕینی گۆشت و خۆیان لەو ناوچانە بپارێزن كە ئاژەڵًیان تێدا بەخێودەكرێت. 

پێشتر وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاندبوو، "تائێستا لە وڵاتدا حاڵەتەكانی تووشبوون بە تای خوێنەبەربوون گەیشتووەتە ١٣٩ كەس و ٢٠ حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەكەوە تۆماركراوە".


PM:08:14:23/09/2023