شارەزایەکی کەشناسی وادەی یەکەم بارانبارینی پاییزی ئەمساڵی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و دەڵێت "لە ٢٦ی مانگەوە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەستپێدەکاتەوە".
ئەمڕۆ شەممە ٢٣ ی ئەیلولی ٢٠٢٣، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند،"لەسەرەتای مانگی ئایندەدا بەتایبەت لەنێوان ٥ بۆ ٩ی مانگ، ئەگەری یەکەم حاڵەتی بارانی پاییزی ئەمساڵ ھەیە بۆ سەر ناوچەکانمان کە حاڵەتێکی لاوازی ناسەقامگیری دەبێت خۆی لە چالاکبوونی با و دروستبوونی ھەورە بروسکە و نمە باراندا ئەبینێتەوە و لەھەندێ شوێندا بەدیاری نەکراوی رێژەی بارانەکە زیاتر دەبێت."
ئاماژەی بەوەشدا، ماوەی دوو رۆژە پلەکانی گەرما لەناوچەکانمان بەراورد بەھەفتەی ڕابردوو بەرێژەی ٢ تا ٣ پلە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە تا ناوەراستی ئەم ھەفتەیەش بەم شێوەیە جێگیر دەبێت و لە ٢٦ی مانگەوە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەستپێدەکاتەوە.