خلێفی وەڵامی لێدوانە توڕەییەکانی میسی دایەوە کە وەک پاڵەوانی مۆندیال ڕێزی لێنەگیرا

ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان بڕیاریدا وەڵامی ئەستێرەی پێشووی ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسی بداتەوە، کە لەم دواییانەدا لێدوانی تەلەفزیۆنی توڕەیی دەرکرد کە یانەکە وەک پاڵەوانی جیهان ئاهەنگی گونجاوی بۆ نەگێڕا، دوای ئەوەی وڵاتەکەی نازناوی جیهانی ٢٠٢٢ی بەدەستهێنا .

 مێسی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی کرد و بۆ سێیەم جار لە مێژووی وڵاتەکەیدا نازناوی مۆندیال بەدەستبهێنێت و بۆ یەکەمجاریش بە شێوەیەکی شەخسی، لە یاری کۆتاییدا بە لێدانی سزا بە ئەنجامی 4-2 لە فەرەنسایان بردەوە.

 هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نازناوەکەی بەدەستهێنا دوای ئاستێکی بەرزی مێسی، کە ٧ گۆڵی تۆمارکرد و ٣ ئەسیستیشی پێشکەشکرد، خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە بەدەستهێنا.

 مێسی لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی "ئۆلگا” ڕایگەیاند کە تاکە یاریزانە لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کە دوای بردنەوەی دوایین مۆندیال رێزلێنانی پێویستی بۆ نەکرا.

 ئەلخلێفی ئەمڕۆ یەکشەممە لە کەناڵی "RMC” وەڵامی دایەوە و ڕوونیکردەوە: پێشتر ڤیدیۆ کلیپێکمان بڵاوکردۆتەوە، کە ئاهەنگ دەگێڕین بۆ مێسی لە مەشقەکاندا، هەروەها بە تاک ئاهەنگمان بۆ گێڕا وەک ئەوەی هەمووان بینیویانە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام لەگەڵ هەموو ڕێزێک بۆ ئەو، ئێمە یانەیەکی فەرەنسیین، بۆ ئێمەش قبوڵ نەبوو ئاهەنگێکی بۆ سازبکەین لە یاریگادا، دۆخەکە هەستیارە، دەبێت ڕێز لەو وڵاتە بگرین کە لە یارییەکەدا شکستی پێهێنا یاری کۆتایی مۆندیال، هاوڕێکانی لە ڕیزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، هەروەها هاندەرانی ئێمەش”.

 ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام مێسی یاریزانێکی گەورە بوو و ئێستاش هەروایە، شانازیمان بە بوونی ئەو لە تیپەکەدا کرد.

 مێسی دوو وەرز لەگەڵ یانەی پاریسی یاریی کرد، پێش ئەوەی لە 30ی حوزەیران کاتێک گرێبەستەکەی تەواو بوو، جێی بهێڵێت، تا بچێتە ئینتەر میامی لە ئەمریکا.


PM:03:47:24/09/2023