محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: ئێستا تێگه‌یشتن ئه‌وه‌ی كه‌ بۆنی ده‌هات، بۆنی كه‌باب نه‌بوو، به‌ڵكو كه‌ریان داخ ده‌كرد

سه‌رۆكی‌ پارتی‌ سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له‌یادی شه‌ش ساڵی ریفراندۆمدا په‌یامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ رۆژی سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ كورد سه‌لماندی له‌ژێر ئه‌و هه‌موو فشاره‌دا سڵی له‌هیچ شتێك نه‌كرده‌وه‌ و ریفراندۆمی ئه‌نجامدا".

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٣، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆیدا له‌ ساڵیادی ریفراندۆم وتی: "پێویسته‌ كورد هه‌موو رۆژێك و هه‌ر سه‌عاتێك و هه‌ر له‌حزه‌یه‌ك، یادی ریفراندۆم بكاته‌وه‌، چونكه‌ كورد داوای ئازادی كرد، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی باسی مافی مرۆڤ و مافی میلله‌تانیان ده‌كرد، له‌و كاته‌دا له‌ ئاستی كورد كه‌ڕ و لاڵ و كوێر بوون و گه‌له‌كۆمه‌كییان له‌ میلله‌ته‌كه‌مان كرد".

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وتیشی: "دۆخی ئێستا ناخۆشه‌ و به‌شێكی هۆكاره‌كه‌ش بۆ شێوازی ئیداره‌دان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام به‌شه‌ زۆره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناكۆكیی هێزه‌ سیاسییه‌كان، له‌كاتێكدا بۆ یه‌كتر سازش ناكه‌ن به‌ڵام برا بچوكی خه‌ڵكی ترن، ئه‌وه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد هه‌بووه‌".

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستانیش ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت میلـلـه‌تی كورد به‌ قۆناغێكی زه‌لیلی و داماوی و هه‌موو قه‌یرانه‌كاندا تێده‌په‌ڕێت، بۆیه‌ دوای گۆڕانكارییه‌كانی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد بۆ به‌غدا و راده‌ستیكردنی به‌ ئاسانی بۆ به‌غدا و رێكلام بۆ ناحه‌زانی كورد، ئێستا تێگه‌یشتن ئه‌وه‌ی كه‌ بۆنی ده‌هات، بۆنی كه‌باب نه‌بوو، به‌ڵكو كه‌ریان داخ ده‌كرد، ئێستا عێراق كورد به‌ عێراقی نازانێت و له‌ به‌رنامه‌ی عێراقدا له‌ بودجه‌ و مووچه‌ و ده‌ستوردا كوردی تێدا نییه‌.

سه‌رۆكی‌ پارتی‌ سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان راشیگه‌یاند كه‌ "ئێٍستا به‌رپرسانی‌ كورد پێویستیان به‌ یه‌كگرتن و یه‌كخستنی‌ ماڵی‌ كوردستانی‌ و دروستكردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سیاسی‌ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ به‌په‌له‌ی‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌یه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هه‌موو حزبه‌ سیاسییه‌كان و ده‌ربڕینی‌ یه‌ك هه‌ڵوێستی‌ سیاسی‌ و هه‌موو حزبه‌كان له‌ بڕیاری‌ سیاسی‌ به‌شداربن".


بۆ بینینی ڤیدیۆکە کلیک بکە:





AM:12:11:26/09/2023