باری نائاسایی لە ویلایەتێكی ئەمریكا رادەگەیەنرێت

ماوەی چوار رۆژە بارانبارین بەخوڕ تەواوی ویلایەتی نیویۆرك-ی گرتۆتەوە لەهەندێ شوێن لافاو دروستبووەو خزمەتگوزاریی میترۆش راگیراوە، باری نائاسایی لەو ویلایەتە راگەیەندرا.

كاتی هوكول، حاكمی ویلایەتی نیویۆرك ڕایگەیاند، "بڕیارماندا بە راگەیاندنی باری نائاسایی بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان."

لای خۆیەوە، زاك ئیسكۆل، بەرپرسی فەرمانگەی فریاگوزاریی نیویۆرك، داوای لە هاووڵاتیان كرد بەپەلە ئەو شوێنانە چۆڵبكەن كە مەترسی ژێرئاوكەوتنیان لێدەكرێت و پەیوەندی بە تیمەكانی فریاگوزارییەوە بكەن بۆئەوەی بەهانایانەوە بێت و لەشوێنە مەترسیدارەكان رزگاریان بكەن.

بەگوێرەی فەرمانگەی كەشناسیی نیویۆرك، شەپۆلی بارانبارینەكە تا سبەینێ شەممە بەردەوام دەبێت، تائێستاش ئامارێكی فەرمی لەبارەی زیانە گیانی و داراییەكانی ئەو شەپۆلی بارانبارینە بڵاونەكراوەتەوە.

ماوەی چوار رۆژە بارانبارین بەخوڕ تەواوی ویلایەتی نیویۆرك-ی گرتووەتەوەو تائێستاش بەردەوامە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویش، كە لەهەندێ ناوچەدا گەیشتووەتە ٢٠ سانتیمەتر، دەیان رێگای سەرەكی و چەندین هێڵی میترۆ بەئاو داپۆشراون و هاتووچۆ تێیاندا پەكی كەوتووە.




PM:11:33:29/09/2023