لەسەر زیادکردنی ١٠٠ ئەندامی باڵی بەرامبەر
باڵی کامیلی حاجی عەلی بایکۆتی کۆنگرەیان کرد

ئەمڕۆ شەممە کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بڕیاربوو هەردوو باڵی ناکۆک بەشداری کۆنگرەکە بکەن، بەڵام لەسەر زیادکردنی ١٠٠ ئەندامی بەرامبەر باڵی کامیلی حاجی عەلی بایکۆتی کۆنگرەیان کرد. 
 
محەممەد بازیانی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەمرۆ ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" کۆنگرەمان بایکۆت کرد. لەگەڵ گەیشتنمان بینیمان ١٠٠ ناو لە باڵی عیرفان عەبدولعەزیز بۆ کۆنگرە زیادکراوە و هەندێک لە ناوی برادەرانی ئێمەش دەرهێنراوە، ئەوەش بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر ئەنجامی کۆنگرەکە دەبێت، بۆیە بایکۆتمان کرد".

تا ئێستا بزووتنەوەی ئیسلامی باڵی عیرفانی عەبدولعەزیز هێچ وڵامێکی باڵی کامیلی حاجی عەلی-یان نەداوەتەوە، سەرقاڵی بەڕێوەچوونی کاری کۆنگرەن.

بزووتنەوەی ئیسلامی ساڵی ١٩٨٧ لە لایەن کۆمەڵێک پیاوی ئایینی بە سەرکردایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی  کوردستان راگەیاندرا.  

بزووتنەوە یەکەم حیزبی ئیسلامی چەکدارە کە لە کوردستانی عێراق ڕاگەیەندراوە.

بزووتنەوە ئیسڵامی لە کوردستانی عێراق ڕێکخراوەیەکی سیاسی پەروەردەیی جیھادیی ئیسلامییە و لە سەر پێڕەوی ئەھلی سوننەت و جەماعەت کار دەکات بۆ چەسپاندنی فەرمانڕەوایی شەریعەتی  و حکۆمەتێکی ئیسلامی لە کوردستاندا دامەزراوە.

ئەم حیزبە لە کوردستان یەکەمین گرووپی چەکداری سەلەفیی جیھادی بووە کە بۆ بەدیھێنانی حکۆمەتی شەریعەتی ئیسلامی لە کوردستان دامەزراوەتەوە. 

دوای کۆچکردنی عوسمان عەبدولعەزیز براکەی علی عەبدولعەزیز کرایە رابەری حزبەکە.لە سەرەتای ٢٠٠٠کاندا دوو باڵی لێ جیا بووە، علی باپیر کە کۆمەڵی ئیسڵامی دروست کرد، هەروەها بەشێکیتریشی  لێ جیا بووە کە دواتر(ئەنسار ئیسلامی )لێ درووست کرا کە بەشیک بوو لە رێکخراوی قاعیدە.
 
بزووتنەوە دواهەمین  کۆنگرەی  ساڵی پار لە شوبات دا ساز کرد کە تیایدا لەسەر رابەرایەتی حزبەکە ناکۆکی کەوتە نێوانی عیرفان عەبدولعەزیز و کامیلی حاجی عەلی و لە رێوڕەسمی جیادا هەردووکیان خۆیان وەکوو رابەر ناساند. 

کۆنگرەکەی ئەمرۆیان لە هۆڵی پێشمەرگە دەبێت لە شاری سلێمانی. بڕیاربوو کامیل حاجی عەلی و عیرفان عەبدولعەزیز هەردووکیان خۆیان بۆ رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەربژێر بکەن و کۆنگرە بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە بدات، بەڵام بەهۆی زیادکردنی ئەو ١٠٠ ناوە کە وەک وتەبێژەکەی باڵی کامیلی حاجی علی جەختی لەسەر دەکاتەوە، بزووتنەوە بە دوو لەتکراوی مایەوە.


AM:11:14:30/09/2023