گۆهدار زێباری لەبەردەم دادوەر چی وت؟


گۆهدار زێباری، ئەمڕۆ سێشەممە لەبەردەم دادوەر وتویەتی "لە بەرامبەر تۆمەتە بێ بنەماكانتاندا، بە شكۆ و شانازییەوە دەڵێم، من چەكدار نیم، چەكی دەستی من قەڵەمە".

كامەران عوسمان، نوێنەری رێكخراوی سی پی تی ئەمەریكی كە ئەمڕۆ لە نێو هۆڵی دادگایكردنە بووە لەفەیسبووكی خۆی بڵاویكردۆتەوە "ئەمڕۆ لە وتەی بەرگرینامەی خۆیدا، گۆهدار زێباری بە جەستەیەكی لاواز و چاوێكی پڕ لە ئیرادە و خۆڕاگرییەوە بە دادوەری وتووە، من ڕۆژنامەوانم. هەموو تەمەن و ژیانی ڕۆژنامەوانی خۆم لە پێناو دژایەتی كردنی چەك و توندوتیژی تەرخانكردووە، ئێستا ئێوە دەتانەوێت من بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەك تۆمەتبار بكەن؟!".

گۆهدار ئاماژەی بەوەكردووە "ئەمە سێیەمین جارە كە دایكە بە تەمەنەكەم دێتە بەر دەرگای دادگاكەتان و هەموو جارێك بە هیوای ئەوەی كە لەگەڵ خۆیدا بمباتەوە ماڵەوە، دەست بە نزاوە لە بەردەرگا چاوەڕێم دەكات، بەڵام ئێوە دەتانەوێت من لە زینداندا بهێڵنەوە. تۆمەتەكانتان بێ بنەمان و هەموو خەڵكی ئاكرێ و بادینان شایەتیم بۆ دەدەن كە من كەسێكی مەدەنی و ئاشتی خوازم. ئەوەی ئێوە دەیكەن زوڵمە،  پەتی زوڵمیش لە ئەستوریدا دەپسێت جەنابی دادوەر".

ئەمڕۆ، بە پێی بڕگەی ١، ماددەی ١٥ لە یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ی پەرلەمانی كوردستان كە تایبەتە بە هەڵگرتنی چەك، ڕۆژنامەوان گوهدار زێباری بە ٦ مانگیتر زیندانیكردن حوكمدرا.



PM:10:08:01/10/2023