لێبوردنی نێو دەوڵەتی: دەبێت حکومەتی هەرێم بوەستێت لە سزادانی نا دادپەروەرانە

 
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە عێراق رایگەیاند، " درێژکردنەوەی سزاکەی گوهدار زێباری بڕیارێکی نادادپەروەرانە بوو و دەبێت حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بوەستێت لە سزادانی نادادپەروەرانە".

ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیاندنێکدا لە تۆڕی ئێکس، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند " دوێنێ دادگای تاوانەکانی هەولێر بە ناداپەروەرانە شەش مانگی زیندانی بەسەر گوهدار زێباریدا سەپاندەوە" .

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە "بڕیاری زیندانیکردنەوەی گوهدار زێباری بڕیارێکی تەواو قێزەون و ناداد پەروەرانە بووە".

ئەو رێکخراوە داوا دەکات، هەرچی زووە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان دەست لە زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان، چالاکوانان و رەخنەگران هەڵبگرێت.

گوهدار زێباری کە رۆژنامەنووسەو یەکێکە لە حکومدراوەکانی بادینان و لە ساڵی ٢٠٢٠ ەوە دەستگیرکراوە بڕیار بوو رۆژی ١٦ـی ئاداری ئەم ساڵ ئازاد بكرێت، بەڵام لەسەر تاپڕێکی لە ماڵی خۆشکێکیدا سەرلەنوێ بە شەش مانگی دیکە سزای درا.



PM:07:27:02/10/2023