تا دوو رۆژی تر هەورە برووسکە‌و بارانبارین بەردەوام دەبێت

پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات، بەهۆی ئەو ناسەقامگیریەی لە کەشوهەوای ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە، تا دوو رۆژی تریش بارانبارین و هەورە برووسکە لە چەندین ناوچە بەردەوام دەبێت.
 
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی ئەمشەو دوو شەممە لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت " لە ئەنجامی درێژبوونەوەی تەوژمی ھەوای شێدار لە باشوری رۆژئاواوە و کاریگەری لاوازی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست حاڵەتێکی ناسەقامگیری بەرگەھەوا لەسەر ناوچەکانمان دروستبووە کە لەماوەی کاتە جیاوازەکانی ئەمڕۆدا بووە ھۆی بارینی نمە باران و لەھەندێ ناوچەش ھەورە بروسکە و تاوە بارانی بەخوڕ دروستبوو".

ئەو پسپۆرە پێشبینی دەکات کە  بەگشتی کاریگەری ئەم حاڵەتە ناسەقامگیریە تا دوو رۆژی داھاتوو لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمێنێتەوە و لەکاتە جیاوازەکاندا ئەگەرەکان کراوە ئەبێت بۆ چربوونەوەی ھەور و ھاوکات ڕوودانی بروسکە و بارینی باران بەرێژەی جیاواز وە لەم حاڵەتانەدا ناوچەکان دیاری ناکرێن بۆ ئەوەی بزانرێت لەکوێ ئەبارێت یان رێژەی بارانەکە لە چ شوێنێک زۆر یان کەم ئەبێت.

ئاراز جەبار دەڵێت" رۆژی پێنجشەمە ٥ی مانگ کۆتای بەم حاڵەتە دێت و کەشی ناوچەکە سەقامگیر ئەبێتەوە".

لە دوێنێ شەوەوە یەک شەممە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی گرتۆتەوەو تا ئێستا بەردەوامە.



PM:09:10:02/10/2023