میوانداری مۆندیالی٢٠٣٠ ئاشکرا بوو

ئەلیخاندرۆ دۆمینگێزی پاراگوایی، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور (کۆنمێبۆڵ) ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای و پاراگوای میوانداری یارییەکانی یەکەمی مۆندیالی ٢٠٣٠ دەکەن.

 وڵاتانی شیلی، ئەرجەنتین، ئۆرۆگوای و پاراگوای، پێشنیارێکیان پێشکەش کردبوو بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی ٢٠٣٠، لە بەرامبەر پێشنیارێکی هاوبەشی نێوان ئیسپانیا و پورتوگال و مەغریب.


 ئامانجی ئەم هەوڵەی ئەمریکای باشوور گەڕاندنەوەی پاڵەوانێتییەکەیە بۆ "نیشتمانی ڕەسەنی خۆی"، لە سەدەمین ساڵیادی یەکەمین خولی مۆندیالدا، کە بە تایبەتی لە ئۆرۆگوای لە ساڵی ١٩٣٠ بەڕێوەچوو.

 دۆمینگێز لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر تویتێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئامانجمان بەرز بوو و خەونی گەورەمان بینی، مۆندیالی سەدەی ٢٠٣٠ لەو شوێنە دەستپێدەکات کە هەموو شتێک دەستیپێکرد.

 ئاماژەی بەوەشکرد، میوانداری یارییەکانی سەرەتای جامی جیهانی سەدە، ئۆرۆگوای و پاراگوای و ئەرجەنتین دەبن.

 لە درێژەی قسەکانیدا وتی:" ئەمریکای باشوور، ئەو شوێنەی کە هەموو شتێک لێیەوە دەستیپێکردووە، جارێکی دیکە دەبێتە دیمەنی کردنەوەی مۆندیال لە ساڵی ٢٠٣٠.

 بڕیارە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە کاتی کردنەوەی مۆندیالی ٢٠٣٠ شریتەکە ببڕێت.

 تا ئێستا پێنج خولی ٢٢ یاری کۆتایی مۆندیال لە ئەمریکای باشوور بەڕێوەچووە کە بریتین لە ئۆرۆگوای ١٩٣٠، بەڕازیل ١٩٥٠، شیلی ١٩٦٢، ئەرجەنتین ١٩٧٨ و بەڕازیل ٢٠١٤.

 لە کۆی ئەو ٢٢ پاڵەوانێتییە، سەرکەوتن لە دە بۆنەدا بۆ تیپێکی کیشوەرەکە بووە: ئۆرۆگوای (١٩٣٠ و ١٩٥٠)، ئەرجەنتین (١٩٧٨، ١٩٨٦ و ٢٠٢٢) و بەرازیل (١٩٥٨، ١٩٦٢، ١٩٧٠، ١٩٩٤ و ٢٠٠٢).

 بەگوێرەی ڕاپۆرتی ESPN، میسر، سعودیە و یۆنان ئارەزووی خۆیان بۆ ڕێکخستنی چالاکیی مۆندیال دەربڕی، هەرچەندە تا ئێستا کاندیدکردنەکە بە فەرمی نەکراوە.

 فیفا دەبێت لە کۆنگرەی فیفای ساڵی داهاتوودا شوێنی مۆندیالی ٢٠٣٠ بڕیار بدات.

 مۆندیالی ٢٠٢٦ بۆ یەکەمجار لە سێ وڵاتدا بەڕێوەدەچێت کە بریتین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک، بە بەشداریی 48 تیپ، ئەمەش بە بەراورد بە چاپەکانی پێشوو 16 هەڵبژاردە زیادیکردووە.


PM:06:41:04/10/2023