وەزارەتی ناوخۆ گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستدا ده‌كات

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی ئەمنی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکات.

بەپێی فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کە واژۆی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی (ماوە بۆدرێژکراوەی) لەسەرە تێیدا هاتووە" پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی هەمانە بڕیارماندا بە گواستنەوەی لیوای مافپەروەر دڵشاد شێخ سەعید محەممەد لە میلاکی راگرایەتی کۆلێژی پۆلیس/هەولێر بۆ سەر میلاکی بەڕێوەبەری پۆلیس و پاراستنی دام و دەزگا نەوتییەکان و دانانی لە پایەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دام و دەزگا نەوتییەکان، هەروەها گواستنەوەی عەمیدی مافپەروەر داومید زرار فەتحوڵڵا لە پایەی سەرۆکی دەستەی پزیشکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ سەر میلاکی راگرایەتی کۆلێژی پۆلیس/هەولێر و دانانی لە پایەی راگری کۆلێژی پۆلیس/ هەولێر بە ( وەکالەت)". 

ئەوەش هاتووە" گواستنەوەی عەمیدی مافپەروەر سیروان ساڵح خدر لە داواکاری گشتی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ سەر میلاکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دانانی لە پایەی سەرۆکی دەستەی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە ( وەکالەت). هەروەها گواستنەوەی عەقیدی پۆلیس ئاژەر نورەدین پیرۆ لە میلاکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس/ ب. پۆلیسی پارێزگای هەولێر بۆ سەر وەزارەتمان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان/ دانانی لە پایەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا ئەمنییەکان و مۆڵەت پێدان".

لە بەشێکی دیکەی نوسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمدا هاتووە" گواستنەوەی موقەدەمی پۆلیس رێبوار جەمیل سلێمان لە پایەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا ئەمنییەکان و مۆڵەت پێدان بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری لە دیوانی وەزارەتمان". 


PM:12:33:11/10/2023