ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات

وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەی بەرفراوانبوونی شەڕی نێوان ئسیرایل و فەلەستین دەکات و دەڵێت "  هەر هەنگاوێکی پێشوەختە لەلایەن میحوەری خۆڕاگری، یان کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی قەوارەی زایۆنیستی لە سەعاتەکانی داهاتوودا ئەگەرێکی واڵایە".

وەزیری دەرەوەی ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (  x ) لە پۆستێکدا دەڵێت" هەر هەنگاوێکی پێشوەختە لەلایەن میحوەری خۆڕاگری یان کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی قەوارەی زایۆنیستی لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ئەگەرێکی وڵایە".
لەو پۆستەدا وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت "ئەمریکا ناتوانێت لە کاتێکدا پشتگیری لە تاوانبارانی زایۆنیستی دەکات، داوای دانبەخۆداگرتن لە لایەنەکانی دیکە بکات".
 
لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت " ئەگەر ئەمڕۆ بەرگری لە غەززە نەکەین، لە داهاتوودا ناچار دەبین لە نەخۆشخانەکانماندا مامەڵە لەگەڵ بۆمبی فسفۆڕ بکەین کە قەوارەی زایۆنیستی بەکاری دەهێنێت".

عەبدوڵڵاهیان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە بەرەی بەرگری ( حەماس و هاوپەیمانەکانی ) توانای ئەوەیان هەیە شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ ئیسرائیلییەکان ئەنجام بدات.

لە کاتێکدا هێرشی ئیسرائیل بۆسەر باکوری غەزە لە ئان و ساتدایەو دەیەوێت حەماس پاکتاو بکات، میحوەری بەرگری کە ئێران سەرکردایەتی دەکات دەیانەوێت فشار لەسەر غەزە کەمبکەنەوەو بەرەی نوێی شەڕی بەتایبەتی لە لوبانەوە دژی ئیسرائیلییەکان بکەنەوە.



PM:11:08:16/10/2023