پێشنیازێك لەبارەی چارەسەرکردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخرێتەڕوو

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" یەكێك لە پێشنیازەكان بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیە، بەڵام بۆ ئەو هەنگاوە چەند رێوشوێنكی دەوێت". 

كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكدا بە میدیای یەکێتی راگەیاندووە" یەكێك لەو پێشنیازانەی كە بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خراوەتەڕوو هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیە و ئەگەر كار لەسەر ئەو پێشنیازە بكرێت دەبێت ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە هەمواربكرێنەوە، جگەلەوەش لە دوو هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دەچێتە پشووی وەرزی یاسادانانەوە كە دوو مانگە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش ئەنجامدەدرێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و گۆڕانكاری لە بڕگە و ماددەكان پێویستی بە گرتنەبەری چەند رێكارێكی پەرلەمانی هەیە.

ڕۆژی چوارشەممەى ڕابردوو شاندێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەغداد، لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمان و وەزیری دارایی عێراق سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆبوونەوە. 


PM:12:08:20/10/2023