ئێران.. ١٠ کەس بەیەکەوە لە سێدارە دەدرێن

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ١٠ کەس لە زیندانیانی پیاو بەیەکەوە لە زیندانی قەزاڵ-هسار لە شاری کەرەج لە سێدارە دران .

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە وڵاتی نۆروێژە، لە بەیاننامەیەکدا کاردانەوەی بەرامبەر ئەم لەسێدارەدانانە نیشان دا و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە بەرامبەر ئەو لەسێدارەدان بێدەنگ نەبن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەم لەسێدارەدانانە بە ڕەزامەندی دادەنرێت".

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە "بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، حوکمی لەسێدارەدانی لانیکەم ١٠ پیاو لە زیندانی قەزال-هسار لە شاری کەرەج بەیەکەوە واتە گروپی جێبەجێ کرا". ئاماژەی بەوەشداوە کە دیارە ئەم زیندانیانە هەموویان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. هێشتا وردەکاری وردی ناسنامە و تۆمەتی ئەو دە زیندانییە لەبەردەستدا نییە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هەروەها رایگەیاندووە" لە نێو ئەو ٢٨٥ ئیعدامەی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە سەرانسەری جیهاندا لە لایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەناوی (کەمکردنەوەی زیان) تۆمار کراوە، ٩٠٪ ی لە ئێران ئەنجام دراون".

مەحمود ئەمیری-موغەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەم پێوەندییەدا وتی" نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان کە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی مادەی هۆشبەر دەکات، دەبێت پابەند بێت بە وەڵامدانەوەی. بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەم لەسێدارەدانانە بە ڕەزامەندی دادەنرێت".



PM:03:27:20/10/2023