لەسەر دەستگیرکردنی دوو ڕۆژنامەنووس
ناکۆکییەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئاشکرا دەبێت

لە ڕوونکردنەوەیەکدا نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، لەسەر دەستگیرکردنی دوو ڕۆژنامەنووسی (باسنیوز) لە سلێمانی، ناکۆکییەکانی نێوان نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و بەرپرسی لقی سلێمانی ئاشکرا دەبێت. 

ئازاد حەمەدەمین نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕوونكردنەوەکەدا ڕایگەیاندووە" تۆڕی میدیایی ڕووداو، لە ماڵپەری خۆیدا، بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناونیشانی (سەندیکای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ، دوو رۆژنامەنووسەکە لەسەر کەیسی میدیایی دەستگیرنەکراون)". 

دەشڵێت" لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بە جارێک سێ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون، کەیسەکان هەرچی بن، بەڵام من پێم وایە مەسەلەکە سیاسییە و بۆنی سیاسی لەم کەیسانە دەکەم، لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسانیش کە لیژنەیەکی سەربەخۆیە لە کارەکانیدا، لە بەیاننامەی خۆیدا داوای کردووە ئەم رۆژنامەنووسانە ئازاد بکرێن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی رونکردنەوە بدەن". 

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێت" قسەکانی کاروان ئەنوەر کە بە ناوی لقی سلێمانی بڵاوکردۆتەوە، لای ڕووداو بۆتە رای ڕەسمی سەندیکای رۆژنامەنووسان، لە کاتێکدا تۆڕی میدیایی (ڕووداو) بە زارەکی و بە فەرمی و نووسراو ئاگادار کراوە کە کاروان ئەنوەر بە بریاری ژمارە ١٣٤٩ لە بەرواری ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢١ی ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، دەرکراوە و ئەرکی لێپرسراوێتی لقی سلێمانی لێ سەندراوەتەوە، کە بەداخەوە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، رێگربوون و تا ئێستا دەخالەتیان لە کاروباری نێوخۆی سەندیکادا کردووە". 

ئەم رێکخراوە وەک زۆر رێکخراوی تری هاوبەشی یەکێتی و پارتی چەندان ساڵ بەسەر وادەی بەستنی کۆنگرەکەیاندا تێپەڕیووە، هێشتا هیچ کاتێکیش دیارنییە کەی کۆنگرە دەبەستن. 



PM:12:40:24/10/2023